کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی راگەیاند

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا

K24 – هەولێر:

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە فەرمی ئەنجامی بەرایی 94%ـی رێژەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی راگەیاند، کە ئەردۆغان لە پێش کڵچدارئۆغڵووە دێت.

ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایەگەیاند، بەپێی دەرئەنجامە بەراییەکان، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆماری 49.9%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو 44.7%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و سینان ئۆغان 5.29% و موحەرەم ئینجە 0.43%ـی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.

لەبارەی ئەو پارتانەی بەربەستی 7%ـی دەنگەکانیان بڕیوە، ئەحمەد یەنەر ئاشکراکرد، هەریەکە لە ئاکپارتی و مەهەپە و یەنیدان رەفەح زیاتر لە 7%ـی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە و جەهەپە و ئیی پارتی لە هاوپەیمانی میللـەت و پارتی چەپی سەو و پارتی کرێکارانی تورکیا لە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، بەهەمان شێوە ئەو بەربەستەیان بڕیوە.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئاشکراکردنی دەرئەنجامی کۆتایی نازانن ئایا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەچێتە گەڕی دووەم یان نا، بۆیە هیچ زانیارییەکی لەوبارەیەوە ئاشکرانەکرد.

رۆژی یەکشەممە (14ـی ئایاری 2023)، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیا لە کاتژمێر 8ی بەیانی تا 5ی ئێوارە بەڕێوەچوو کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 88%.

بەگوێرەی یاساکانی ئەو وڵاتە، ئەگەر هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکان زیاتر لە 50%ـی دەنگەکانی بەدەستنەهێنا، ئەوا لە 28ـی ئەم مانگە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لەنێوان ئەو دوو کاندیدەی بەڕێوەدەچێت کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە.

کێبڕکێی سەرەکی لەنێوان هەریەکە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار و کەمال کڵچدارئۆغڵو لە هاوپەیمانی میللـەت هەیە بۆ گەیشتن بە کۆشکی چانکایە و دانیشتن لەسەر کورسی سەرۆکایەتی تورکیا بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو.

زۆرینەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا پشتیوانی لە کڵچدارئۆغڵوی سەرۆکی جەهەپە دەکەن لە رکابەرییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە لە هاوپەیمانی شەش لایەنەکە بەناوی "میللـەت" کۆبوونەتەوە کە دواتر هەدەپەش پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕی. لەبەرامبەردا، ئەکپارتی و هاوپەیمانەکانی سوورن لەسەر هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان لە پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا.

دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدانیش، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر رایگەیاند بەشێوەیەکی دیموکراسییانە پڕۆسەی هەڵبژاردن کۆتاییهات و ئاماژەی بەوەکردووە، "ئێستا کاتی ئەوەیە وەک هەمیشە ئاگاداری سندوقەکانی دەنگدان بین و تا یەکلاییبوونەوەی ئەنجامەکان، بەردەوامبین لە پاراستنی ئیرادەی گەلەکەمان".

لەلایەن خۆشیەوە، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە تویتێکدا داوای لە چاودێرانی بنکەکانی دەنگدان کردووە، سندووقەکانی دەنگدان بەجێنەهێڵن تاوەکو کۆتایی هاتنی تەواوی پرۆسەکە.