سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ کوردستان24: چاودێری هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەکەین

ئۆرسێلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا
ئۆرسێلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا

K24 - هەولێر

هەردوو سەرۆکی کۆمیسیۆن و ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی تورکیا وەڵامی کوردستان24ـیان دایەوە. 

ئەمرۆ دووشەممە 15ـی ئایاری 2023، لە برۆکسل، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەانیدا ئۆرسێلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "رێژەی زۆری بەشداریکردنی دەنگدەران لە هەڵبژرادنەکانی تورکیا جێگای دڵخۆشی ئێمە بوو، چونکە خەڵکی تورکیا بەشداربوون لە مافی دیموکراتی خۆیان، هەروەها نرخ و بەهای دایە دام و دەزگا دیموکراتیەکان لە تورکیا."

ڤۆندەرلاین بە ئاماژەدان بەوەی،  چاودێری هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەکەن، کە تاوەکو ئێستا ئەنجامەکەیان رانەگەیەندراوە، پێی وایە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا بەرێوەدەچێت.

هاوکات چارلس میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپاش بە کوردستان24ـی رایگەیاند، ئەوان وەکو یەکێتی ئەوروپا لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن لەتورکیا دەکەن و چاوەرێ ی ئەنجامی کۆتای هەڵبژاردنەکان دەکەن.

رۆژی یەکشەممە 14ـی ئایاری 2023، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو.

پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە کاتژمێر 8ی بەیانی تا 5ی ئێوارە بەردەوام بوو و هەزار و 94 بنکەی دەنگدان ئامادەکراون و لە 156 وڵات و نوێنەرایەتی تورکیا سندووقی دەنگدان دانراون.

لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا کە 28مین خولی پەرلەمانی تورکیایە 24 پارت و 151 کاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشداربوون، سێ کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کێبڕکێیان كرد.