ئاکپارتی و هەدەپە کورسییەکانیان لە پەرلەمانی تورکیا کەمکردووە و جەهەپە زیادیکردووە

بۆ یەکەمین جار لە مێژووی دروستبوونی کۆماری تورکیا هەڵبژاردن دەچێتە گەڕی دووەم
هەڵبژاردنەکانی تورکیا
هەڵبژاردنەکانی تورکیا

K24 – هەولێر:

دوای ئاشکراکردنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی تورکیا لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە، هەرچەندە ئاکپارتی دەنگی یەکەمی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، بەڵام بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، رێژەی دەنگ و ژمارەی کورسییەکانی کەمیکردووە. لە پارتەکانی دیکەش هەدەپە دیارترینیانە کە رێژەی دەنگ و ژمارەی کورسییەکانی کەمکردووە.

لە 14ـی ئایاری 2023، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەچوو، رۆژی 15ـی ئایاریش، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، دوای تەواوبوونی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی راگەیاند و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریش هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی نەیانتوانیوە رێژەی (50% +1) بەدەستبهێنن، بۆیە لە 28ـی ئەم مانگە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 49.5%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.89%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

بەپێی رێژەی دەنگەکانی هەڵبژاردنیش کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 87%، رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، 27 ملیۆن و 88 هەزار و360 دەنگی بەدەستهێناوە، کەمال کڵچدارئۆغڵوش 24 ملیۆن و 568 هەزار و 196 دەنگی بەدەستهێناوە، دەنگەکانی سینان ئۆغانیش بریتییە لە دوو ملیۆن 829 هەزار و 634 دەنگ.

بەو دەرئەنجامەش بێت، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە 28ـی ئایاری 2023 لەنێوان هەریەکە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار و کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت بەڕێوەدەچێت، کە ئەمەش دەبێتە یەکەم هەڵبژاردن لە مێژووی دروستبوونی کۆماری تورکیا بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات، پەنا بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن ببرێت.

هەروەها جارێکی دیکە لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا، دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات و ئەو هاووڵاتییانەی تا رۆژی هەڵبژاردن تەمەنیان دەگاتە رێژەی یاسایی بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان، مافی بەشداریکردنیان لەو هەڵبژاردنە دەبێت،کە لە گەڕی یەکەمیشیدا 3.4 ملیۆن دەنگدەر لە دەرەوەی وڵات بە رێژەی 5% مافی دەنگدانیان هەبوو لەگەڵ چوار ملیۆن و 904 هەزار و 672 دەنگدەر بۆ یەکەمجار دەنگیاندا، لە گەڕی دووەمیشدا، 47 هەزار دەنگدەری نوێ کە تەمەنیان دەگاتە سەروو 18 ساڵ مافی دەنگدانیان دەبێت.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیشدا، هاووڵاتییانی تورکیا و باکووری کوردستان لە سندووقەکانی دەنگداندا بۆ هەڵبژاردنی 600 نوێنەری پەرلەمان لە 87 بازنەی هەڵبژاردنی هەر 81 پارێزگاکەی تورکیا، بەشێوەی لیستی داخراو دەنگیاندا و دەرئەنجامەکانیش ئەوە دەردەخەن، کە ئاکپارتی و هەدەپە رێژەی دەنگ و ژمارەی کورسییان کەمکردووە و مەهەپە و ئیی پارتیش پاریزگارییان لە ئاستی نوێنەرایەتی خۆیان لە پەرلەمان کردووە و جەهەپەش هەرچەندە رێژەی دەنگ و کورسییەکانی زیادکردووە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت رێژەیەکی دیاری بۆ پارتی دەڤای عەلی باباجان و پارتی داهاتووی ئەحمەد داودئۆغڵو و پارتی سەعادەت بڕوات کە لەسەر لیستی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی خۆیان کاندید کردبوو.

پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات، هەرچەندە دەنگی یەکەمی پەرلەمانی تورکیای لە هەڵبژاردنی 2023 بەدەستهێناوە بەڕێژەی 35%ـی دەنگەکان کە دەکاتە 267 کورسی بەڵام لەچاو ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018، ئاکپارتی 42%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و خاوەنی 295 کورسی بوو.

پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکایەتی دەکات لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا، 25%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و دەبێتە خاوەنی 169 کورسی، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی رابردوو، 22%ـی دەنگەکانی هێنابوو، لە پەرلەمانی تورکیاش خاوەنی 146 کورسی بوو.

هەریەکە لە مەهەپە و ئیی پارتی، سەرەرای پارێزگاری کردن لە رێژەی دەنگەکانیان لەچاو هەڵبژاردنی 2018، هەر یەکەیان کورسییەکیان لە پەرلەمانی تورکیا زیاتر بەدەستهێناوە، بەشێوەیەک مەهەپە کە لە هاوپەیمانی کۆماردایە هاوشانی ئاکپارتی، لەم هەڵبژاردنەدا 10%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و دەبێتە خاوەنی 50 کورسی کە لە هەڵبژاردنی پێشتر خاوەنی 11%ـی دەنگەکان و 49 کورسی پەرلەمانی بوو. ئیی پارتیش بە سەرۆکایەتی مەراڵ ئاکشەنەر کە یەکێک بوو لە لایەنەکانی مێزی شەشقۆڵی لەژێر ناونیشانی هاوپەیمانی میللـەت، لە هەڵبژاردنی 2023 هاوشێوەی 2018، رێژەی 9%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە بەڵام ژمارەی کورسییەکانی لە 43 بۆ 44 زیادکردووە.

هەرچی پارتی دیموکراتی گەلانە (هەدەپە) کە لەم هەڵبژاردنەدا بەهۆی مەترسی داخستنی پارتەکە کە ئێستا دۆسیەکەی لە دادگای باڵای دەستووری تورکیایە، بەناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی 2023 کرد و بەگوێرەی دەرئەنجامە بەراییەکان رێژەی 8.8%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە کە دەبێتە خاوەنی 61 کورسی لە خولی 28ـەمینی پەرلەمانی تورکیا. لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی 2018ـەدا، هەدەپە رێژەی 11%ـی دەنگ و 67 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو.

پەرلەمانی تورکیا لە 600 کورسی پێکهاتووە و بەسەر 87 بازنەی هەڵبژاردن لە 81 پارێزگای تورکیا دابەشکراوە کە زۆرتری کورسی لە ئیستانبوڵە بە 98 کورسی و پاشان ئەنقەرە دێت بە 36 کورسی.