ئه‌مینه‌ ئه‌ردۆغان: توركیای سه‌ده‌ بونیات ده‌نێین

ئه‌مینه‌ ئه‌ردۆغان
ئه‌مینه‌ ئه‌ردۆغان

K24 - هەولێر:

هاوژینی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 14ـی ئایاری توركیا سه‌ركه‌وت، توركیایه‌كی به‌هێز بوو. ده‌شڵێت: "توركیای سه‌ده‌ بونیات ده‌نێین".

ئه‌مینه‌ ئه‌ردۆغان هاوژینی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆككۆماری توركیا، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر نووسیوویه‌تی: "له‌پێناو داهاتووی منداڵه‌كانمان، گه‌لی توركیا روویان له‌ سندووقه‌كانی ده‌نگدان كرد".

هه‌روه‌ها نووسیوویه‌تی: "ته‌نیا توركیا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌ركه‌وت".

ده‌شڵێت: "له‌پێناو توركیایه‌كی به‌هێز و گه‌وره‌ كارمانكرد و یه‌كمانگرت، له‌ رێگه‌ی ده‌ستكه‌وتی تازه‌، توركیای سه‌ده‌ بونیات ده‌نێین".

له‌به‌رامبه‌ر به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردنی توركیا، سوپاسی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی كرد.

ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا رایگەیاند، لەهەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا کاندیدەکان دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێناوە و بڕیاردراوە 28ـی ئایار گەڕی دووەمی دەنگدان بەڕێوەبچێت.

دوای ئەوەی رێژەی 100٪ـی دەنگەکان جیاکرانەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەدا 49.51؛ کەمال کڵچدارئۆغڵو لەسەدا 44.88؛ سینان ئۆغان لەسەدا 5.17 و موحەڕەم ئینجە لە سەدا 0.44  دەنگیان بە دەستهێناوە. بەو پێیەش هیچ کاندیدێک دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار چووە گەڕی دووەم.

رۆژی یەکشەممە 14ـی ئایاری 2023، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو.

پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە کاتژمێر 8ی بەیانی تا 5ی ئێوارە بەردەوام بوو و هەزار و 94 بنکەی دەنگدان ئامادەکراون و لە 156 وڵات و نوێنەرایەتی تورکیا سندووقی دەنگدان دانراون.

لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا کە 28مین خولی پەرلەمانی تورکیایە 24 پارت و 151 کاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشداربوون، سێ کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کێبڕکێیان كرد.