بۆ یەکەمین جار هوداپار دەبێتە خاوەنی کورسی لە پەرلەمانی تورکیا

هوداپار
هوداپار

K24 – هەولێر:

لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار لە تورکیا، پارتی دۆزی ئازاد لەسەر لیستی ئاکپارتی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا کرد و بەگوێرەی دەرئەنجامە بەراییەکانیش هوداپار بۆ یەکەمین جار لە خولی نوێی پەرلەمانیدا، دەبێتە خاوەنی چوار کورسی پەرلەمانی.

هوداپار بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی چوار کاندیدی لەسەر لیستی ئاکپارتی هەبوو کە بەگوێرەی دەرئەنجامە بەراییەکان، توانیویانە سەرکەوتن تۆماربکەن، ئەوانیش زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار لە ئیستانبوڵ، سەرکان رامانلی لە باتمان، فاروق دینچ لە مێرسین و شەهزادە دێمیر لە دیلۆک (غازی عەنتاب)، توانیویانە دەنگی پێویست بۆ چوونە پەرلەمان بەدەستبهێنن.

جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، هوداپار لە شاری باتمان توانیویەتی کورسییەکی هەدەپە بباتەوە و بەوجۆرە دوو کورسییەکی دیکەی ئەو پارێزگایە بۆ هەدەپە ماوەتەوە.

پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات، هەرچەندە دەنگی یەکەمی پەرلەمانی تورکیای لە هەڵبژاردنی 2023 بەدەستهێناوە بەڕێژەی 35%ـی دەنگەکان کە دەکاتە 267 کورسی بەڵام لەچاو ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018، ئاکپارتی 42%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و خاوەنی 295 کورسی بوو.

هاوپەیمانی کۆمار کە ئاکپارتی سەرۆکایەتی دەکات و کاندیدەکەیان رەجەب تەیب ئەردۆغان بوو بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، لە پارتەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، پارتی یەکگرتووی گەورە (بەبەپە)، پارتی یەنیدەن رەفاح، پارتی چەپی دیموکرات (دەسەپە) و پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) پێکهاتووە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هوداپار لیستی سەربەخۆی نەبوو، کاندیدەکانی لەسەر لیستی ئاکپارتی بەشداریی کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانیان کرد.

پەرلەمانی تورکیا لە 600 کورسی پێکهاتووە و بەسەر 87 بازنەی هەڵبژاردن لە 81 پارێزگای تورکیا دابەشکراوە کە زۆرتری کورسی لە ئیستانبوڵە بە 98 کورسی و پاشان ئەنقەرە دێت بە 36 کورسی.

پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار)، پارتێکی ئیسلامی کوردییە و لە ساڵی 2012 دامەزراوە و خاوەنی بنکەی جەماوەرییە لە شارەکانی باکووری کوردستان و هەندێک لە ناوچەکانی باشووری رۆژئاوای تورکیایە.