ڤێدانت پاتێل: تورکیا وڵاتێکە ژێرخانێکی دیموکراتی پڕشانازی هەیە

ڤێدانت پاتێل، جێگری گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا رایگەیاند، دەخوازن هاوپەیمانێتی و هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەڵبژێردراوی تورکیا لەلایەن گەلی تورکیاوە باشتر بکەن.

ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا جەختیشیکردەوە، متمانەمان هەیە، دەسەڵاتدارانی تورکیا گەڕی داهاتووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بە گوێرەی یاساکانی ئەو وڵاتە ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

پاتێل هه‌روه‌ها گوتی: "تورکیا وڵاتێکە ژێرخانێکی دیموکراتی پڕشانازی هەیە، متمانەمان هەیە، کە دەسەڵاتدارانی تورکیا گەڕی داهاتووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بە گوێرەی یاساکانی ئەو وڵاتە و پابەندییەکانی بە رێکخراوی ئاسایش و هەماهەنگی ئەوروپا و وەک ئەندامێکی هاوپەیمانێتی ناتۆ ئه‌نجام ده‌دات".

ده‌شڵێت: "چاومان لەوەیە هاوپەیمانێتی و هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ هەر حکومەتێکی هەڵبژێردراوی تورکیا لەلایەن خەڵکی تورکیاوە باشتر بکەین".

دوای ئاشکراکردنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی تورکیا لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە، هەرچەندە ئاکپارتی دەنگی یەکەمی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، بەڵام بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، رێژەی دەنگ و ژمارەی کورسییەکانی کەمیکردووە. لە پارتەکانی دیکەش هەدەپە دیارترینیانە کە رێژەی دەنگ و ژمارەی کورسییەکانی کەمکردووە.

لە 14ـی ئایاری 2023، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەچوو، رۆژی 15ـی ئایاریش، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، دوای تەواوبوونی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی راگەیاند و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریش هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی نەیانتوانیوە رێژەی (50% +1) بەدەستبهێنن، بۆیە لە 28ـی ئەم مانگە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەدەچێت.