تورکیا؛ چوار پارتی نوێ سەرکەوتن و سێ پارتی پێشووش شکستیان هێنا لە گەیشتن بە پەرلەمان

پەرلەمانی تورکیا
پەرلەمانی تورکیا

K24 – هەولێر:

لە هەڵبژاردنی 14ـی ئاداری پەرلەمانی تورکیا، 15 پارتی سیاسیی توانییان لە خولی نوێ کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن، کە چوار پارتیان یەکەمین جارە دەگەنە پەرلەمان و سێ پارتی خولی پێشووش شکستیان هێنا لە شکاندنی بەربەستی یاسایی بۆ گەیشتن بە پەرلەمان.

بەگوێرەی دەرئەنجامە بەراییەکان، سێ پارتی سیاسی خولی پێشوو نەیانتوانی لە هەڵبژاردنی 2023ـدا بەربەستی یاسایی (7%) تێپەڕێنن کە بریتین لە پارتی زەفەر، پارتی نوێکاری و پارتی یەکگرتووی گەورە.

هەروەها چوار پارتی سیاسیی نوێ توانییان مافی نوێنەرایەتیکردن بەدەستبێنن لە پەرلەمانی تورکیا کە بریتین لە پارتی یەنیدەن رەفاح، پارتی چەپی دیموکرات، هوداپار و پارتی گۆڕانکاری تورکیا.

بەگوێرەی یاساکانی تورکیا، هەر لایەنێک زیاتر لە 300 کورسی بەدەستبهێنێت، دەتوانێت پرۆژەیاسا پێشکەشی پەرلەمان بکات و رەزامەندی خۆی بە ئەرێنی و نەرێنی لەسەر بڕیارەکانی سەرۆک کۆمار دەرببڕێت بە پەسەندکردن یاخود رەتکردنەوە.

هاوکات هەر لایەنێک بگات بە 360 کورسی یان زیاتر، مافی ئەنجامدانی ریفراندۆمی دەبێت لەبارەی هەر بابەتێک کە پێویستییەتی. جیا لەوەش هەر لایەنێک 400 پەرلەمانتار یان زیاتری هەبێت لە پەرلەمان، دەتوانێت گۆڕانکاری لە دەستووردا بکات.

دەرئەنجامە بەراییەکان ئەوەیان دەرخستووە، هاوپەیمانیەتی کۆمار کە ئاکپارتی و مەهەپە، هوداپار، پارتی چەپی دیموکرات، پارتی یەکگرتووی گەورە لە خۆدەگرێت، 322 کورسی بەدەستهێناوە. هەروەها هاوپەیمانیەتی میللـەت کە جەهەپە، ئی پارتی، دەڤا، ئایندە، سەعادەت، دیموکرات لەخۆدەگرێت، 213 کورسی بەدەستهێناوە. هاوپەیمانی رەنج و ئازادییش کە پارتی چەپی سەوز (نوێنەرایەتی هەدەپەی دەکرد) و پارتی کرێکارانی تورکیا و چەند پارتێکی دیکەی چەپی لەخۆدەگرت، 65 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا بەدەستهێناوە.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیشدا، هاووڵاتییانی تورکیا و باکووری کوردستان، بەشێوەی لیستی داخراو دەنگیاندا و دەرئەنجامەکانیش ئەوە دەردەخەن، کە ئاکپارتی و هەدەپە رێژەی دەنگ و ژمارەی کورسییان کەمکردووە و مەهەپە و ئیی پارتیش پاریزگارییان لە ئاستی نوێنەرایەتی خۆیان لە پەرلەمان کردووە و جەهەپەش هەرچەندە رێژەی دەنگ و کورسییەکانی زیادکردووە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت رێژەیەکی دیاری بۆ پارتی دەڤای عەلی باباجان و پارتی داهاتووی ئەحمەد داودئۆغڵو و پارتی سەعادەت بڕوات کە لەسەر لیستی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی خۆیان کاندید کردبوو.

پەرلەمانی تورکیا لە 600 کورسی پێکهاتووە و بەسەر 87 بازنەی هەڵبژاردن لە 81 پارێزگای تورکیا دابەشکراوە کە زۆرتری کورسی لە ئیستانبوڵە بە 98 کورسی و پاشان ئەنقەرە دێت بە 36 کورسی.

بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی لە تورکیا پێویست بوو هەر پارتێکی سیاسی یان هاوپەیمانییەتی، زیاتر لە 300 کورسی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەدەستبهێنێت. بۆ بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانیش، هەر پارت و هاوپەیەمانییەتییەک دەبێت بەربەستی بەدەستهێنانی 7%ـی دەنگەکان ببڕێت، بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی ئەندام و فراکسیۆنی خۆی لە پەرلەمانی تورکیا.