دانیشتووانی بەغدا لە بەرزی نرخی کاڵاکان نیگەرانن

K24 - بەغدا:

سەرەڕای دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، نرخی کەلوپەل و كاڵا، بە تایبەت خۆراکییەکان لە بەغدا وەک خۆیانن و دانەبەزیوون و ئەمەش هاووڵاتییانی نیگەران کردووە.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سەلام سەلیم، دانیشتووی شاری بەغدا، بە کوردستان24ــی راگەیاند، نرخی کەلوپەلەکانی ناو بازاڕ کاریگەری لەسەر هاووڵاتییان هەیە، بە تایبەتی ئەوانەی کە هەژارن، هەروەها ئەو نرخی ئێستای بازاڕ هەمان ئەو نرخەیە کە 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بەرامبەر 160 هەزار دیناری عێراقی بوو.

ئیبراهیم کامیل، هاووڵاتیەکی دیکەی دانیشتووی بەغدا، بۆ کوردستان24 گوتی: "بانکی ناوەندی عێراقی نرخی دۆلاری بەرامبەر به‌ دینار دابه‌زاندووه‌، بە نرخی 130 هەزار دەیدا به‌ کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکان، بەڵام نرخی دۆلار و نرخی کەلوپەل كاڵا لە بازاڕ دانابەزێت".

بە گوتەی شاره‌زایەکی ئابووری بۆ کوردستان24، "دەبێت نرخەکانی بازاڕ هاوکات بێت لەگەڵ سەقامگیری بەهای دۆلار بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، لانی کەم بۆ مانگێک، بەڵام شتێکی لەو شێوەیە تا ئێستا رووینەداوە".