"دۆلار هه‌ژموونی ئەمەریکا له‌ عێراق‌ لاواز ده‌كات"

K24 - هەولێر

رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مەریكی رایدەگەیەنێت، واشنتن لە ئەنجامی ئەو رێوشوێنانەی لە دژی بەکارهێنانی دۆلار لە ناوخۆی عێراقدا دەگیرێتەبەر هه‌ژموونی لە عێراقدا لاواز ده‌كات.

رۆژنامه‌ی زه‌ كرایدڵی ئه‌مەریكی له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ "حکومەتی عێراق دوای ئەوەی بڕیاری قەدەغەکردنی بردنە دەرەوەی دۆلاری لە ناوخۆی وڵاتدا ده‌ركرد، راستەوخۆ کۆنتڕۆڵی ئەمەریکای بەسەر بارودۆخی سیاسی عێراقدا لاواز کرد".

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە "ئیدارەی ئەمەریکا دۆلار وەک ئامرازێک بۆ فشاری سیاسی بەکاردەهێنێت، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دۆخی ئابووری عێراق هەبووە، بەتایبەتی لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، لە ئەنجامی ئەو سنووردارکردنانەی کە واشنتن لەسەر دەستڕاگەیشتنی عێراق بە دۆلار سەپاندوویه‌تی زیادی کردووه‌".

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمەریکا فشاری خستووەتە سەر حکومەتی عێراق بۆ چوونە دەرەوەی دۆلار لە عێراقەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەر، بەمەش بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی ناجیگری زۆری بەخۆیەوە بینیوە و کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر بازاڕ.