بازرگانان و پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل پابەند دەکرێن بە مامەڵەکردن بە دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بازرگانان و پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل پابەند دەکرێن بە مامەڵەکردن بە دیناری عێراقی.

عەمید حسێن ئەلتەمیمی، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکان لە بەڕێوەبەرایەتی تاوانی رێکخراو لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی راگەیاند: "هەڵمەتێکی بەرفراوان لە بەغدا و پارێزگاکان دەستپێکردووە، بۆ پاڵپشتیکردنی دیناری عێراقی کە ویستێکی گەورە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی هەیە بۆ جێبەجێکردنی درووشمی (دینار ناسنامەی ئێمەیە)".

ئەلتەمیمی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەڵمەتە هەفتەیەکە بەردەوامە، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو سەرپێچیکارانە دەگیرێتەبەر کە لەبری دیناری عێراقی بە دۆلار مامەڵە دەکەن، هەروەها بەڵێننامەی نووسراویش دراوە کە بازرگانان و خاوەن ناوەندە بازرگانییەکان و پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل پابەند دەکەن بە مامەڵەکردن بە دینار لەبری دۆلار.

گوتیشی: "لە ئەگەری پێشێلکردنی ئەم بەڵێنامە نووسراوانە، بابەتەکە دەخرێتە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری بە مەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان و ئەم بابەتە لە رێگەی پێکهێنانی مەفرەزە هەواڵگرییە مەدەنییەکان لەلایەن یاریدەدەری ئەمیندارییەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت".