ئەردۆغان: لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن سەردەکەوین

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا

K24 - هەولێر:

سەرۆک کۆماری تورکیا رایدەگەیه‌نێت، ژمارەی دەنگەکانی ئاکپارتی زیادیکردووە و دەبێت پارێزگاری لە دەنگەکانمان بکەین. هەروەها راشیگەیاند، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بە جیاوازییەکی زۆر سەردەکەوین.

ئەمڕۆ چوارشەممە (17ــی ئایاری 2023)، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانەی پێشكه‌شكردنی گوتارێک رایگەیاند، 54 ملیۆن کەس لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەنگیانداوە، زیاتر لە 27 ملیۆن هاووڵاتی دەنگی خۆیان بە ئێمە داوە و سوپاسیان دەکەم. هەروەها راشیگەیاند، گۆڕەپان بۆ ئەوانە چۆل ناکەین کە دەیانەوێت تۆڵە لە تورکیا بکەنەوە.

ئەردۆغان، باسی لەوەکرد، سیسته‌می ئەم هەڵبژاردنە 50+1یه‌،  بۆیە گەڕێکی دیکە لەبەردەم هەڵبژاردن ماوە، لەگەڕی یەکەم %49.5 دەنگەکانمان بەدەستهێنا و لەگەڕی دووەمی هەڵبژاردن بە جیاوازییەکی زۆر سەردەکەوین.

گوتیشی" ئەوانەی کە لە رۆژی هەڵبژاردنی 14ــی ئایار دەنگیان بەمنداوە، هیوادارم لە هی 28ــی ئایار خۆیان ون نەکەن و دووبارە دەنگم پێبدەنەوە"

سەرۆک کۆماری تورکیا، دەشڵێت: "گەل ئەو هاوپەیمانییەتییەی هەڵبژاردووە کە تورکیا بەڕێوەدەبات، هەروەها ئەوانەی لە 14ــی ئایار دەنگیان پێدام بۆ دڵخۆشی و سەرکەوتنی ئەوان سەردانی ماڵەکانیان و شوێنەکانی کارکردنیان دەکەم".

ئەردۆگان دووپاتیکردەوە، لە ناوچەی بوومەلەرزەکان و ناوچەی دەریای رەش کێ هەیە دەبێت لە 28ــی مانگ بێتە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگی خۆی بە من بدات، لەو %49.5 نابێت یەک دەنگیش لەدەستبدەین.

پێشتریش ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا رایگەیاندبوو، لەهەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا کاندیدەکان دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێناوە و بڕیاردراوە یەکشەممە 28ی ئایار گەڕی دووەمی دەنگدان بەڕێوەبچێت.

دوای ئەوەی رێژەی 100٪ـی دەنگەکان جیاکرانەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەدا 49.51؛ کەمال کڵچدارئۆغڵو لەسەدا 44.88؛ سینان ئۆغان لەسەدا 5.17 و موحەڕەم ئینجە لە سەدا 0.44  دەنگیان بە دەست هێناوە. بەو پێیەش هیچ کاندیدێک دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار چووە گەڕی دووەم.

رۆژی یەکشەممە 14ـی ئایاری 2023، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو.

پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە کاتژمێر 8ی بەیانی تا 5ی ئێوارە بەردەوام بوو و هەزار و 94 بنکەی دەنگدان ئامادەکراون و لە 156 وڵات و نوێنەرایەتی تورکیا سندووقی دەنگدان دانراون.

لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا کە 28مین خولی پەرلەمانی تورکیایە 24 پارت و 151 کاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشداربوون، سێ کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کێبڕکێیان كرد.