ئەردۆغان: لە گەڕی دووەم دەنگێکی پێوانەیی بەدەستدەهێنم

رەجەب تەیب ئەردۆغان
رەجەب تەیب ئەردۆغان

K24 – هەولێر:

کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار کە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا پێش رکابەرەکانی کەوت بەڵام نەیتوانی دەنگی پێویست بۆ مانەوە لە پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا بەدەستبهێنێت، رایگەیاند لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا، بە بەدەستهێنانی دەنگێکی پێوانەیی هەڵدەبژێردرێتەوە.

رەجەب تەبی ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شوفێران لە ئیستانبوڵ رایگەیاند، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا بە بەدەستهێنانی دەنگێکی پێوانەیی وەکو سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێردرێتەوە.

ئەردۆغان جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە، ئەوان لەبری قەندیل، لەلایەن گەلەوە رێنمایی دەکرێن و گوتی، ""باوەڕم وایە گەلەکەمان لە گەڕی دووەمدا بە بەدەستهێنانی دەنگێکی پێوانەیی، پۆستی سەرۆک کۆماریمان بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە پێدەبەخشێتەوە. باوەڕمان بەخۆمان هەیە چونکە ئێمە سەوداکاریمان لەگەڵ کەس نییە. ئێمە وەکو کەسانێک لە قەندیلەوە رێنمایی ناکرێین و لە ژوورە تاریکەکاندا لەگەڵ درێژکراوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی رێکناکەوین".

سەرۆک کۆماری تورکیا گوتیشی، "پەکەکە و درێژکراوەکەی، راستەوخۆ دوای گەڕی یەکەم پشتگیری خۆیان لە گەڕی دووەم بۆ کڵچدارئۆغڵو راگەیاند. کڵچدارئۆغڵو هەوڵ دەدات ئەمە پەردەپۆش بکات، ئەو ئاستی سیاسەتی لە وڵاتەکەماندا دابەزاندووە و  جەمسەرگیری دروست دەکات. سیاسەت بە عینادی و ئاراستەکردنی هەڕەشە و سوکایەتیکردن بە گەل ناکرێت".

هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆتا لێدوانی لەبارەی کەمال كڵچدارئۆغڵو رایگەیاند، زمانێکی ژەهراوی سیاسی بەکاردێنێت و ترسی لەدەستدانی سەرۆکایەتیکردنی پارتەکەی لێ نیشتووە.

بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، بە ئامادەبوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، کۆبوونەوەی راویژکاری لقی ئیستانبوڵ ـی ئاک پارتی لەو پارێزگایە بەڕێوەچوو. میدیاکان باس لەوە دەکەن کە ئەردۆغان لەو کۆبوونەوەیەدا ئاماژەی بە هەڵبژاردنەکان دا و رایگەیاند، گوتارە چەواشەکارییەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەرخەری بارودۆخی قۆناغی داهاتوون، بەتایبەتیش سەرۆکی جەهەپە خۆی ناشرین دەکات و ترسی لەدەستدانی سەرۆکایەتی پارتەکەیی لێنیشتووە.

هاوکات ئەردۆغان راشیگەیاند، ئەوان لە پلان و پرۆگرامەکانی خۆیان بەردەوام دەبن و هەوڵیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی دەنگی هاووڵاتییان و لایەنگرانیان بەهەدەر نەچێت.

ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان دەستی بە بانگەشەکانی بۆ گەری دووەم دەستپێکرد و لەبڕی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی جەماوەری گەورە، ئەردۆغان لەگەڵ چین و توێژەکانی تورکیا کۆدەبێتەوە و کاتێکی زۆری بانگەشەکانیشی بۆ ناوچەکانی بوومەلەرزە تەرخان دەکات.

لە 14ـی ئایاری 2023، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەچوو، رۆژی 15ـی ئایاریش، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، دوای تەواوبوونی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی راگەیاند و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریش هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی نەیانتوانیوە رێژەی (50% +1) بەدەستبهێنن، بۆیە لە 28ـی ئەم مانگە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 49.5%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.89%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

بەپێی رێژەی دەنگەکانی هەڵبژاردنیش کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 87%، رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، 27 ملیۆن و 88 هەزار و360 دەنگی بەدەستهێناوە، کەمال کڵچدارئۆغڵوش 24 ملیۆن و 568 هەزار و 196 دەنگی بەدەستهێناوە، دەنگەکانی سینان ئۆغانیش بریتییە لە دوو ملیۆن 829 هەزار و 634 دەنگ.