مستەفا سەید قادر لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆك بارزانی: گرنگە بۆ ئەوەی ململانێكان زیاتر قووڵنەبنەوە

مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان
مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، دەستپێشخەرییەکەی سەرۆك بارزانی گرنگە بۆ ئەوەی ململانێكانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر قووڵنەبنەوە. بە پێویستیشی دەزانێت، کێشەکان لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن.

ئەمڕۆ هەینی 19ـی ئایاری 2023، مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمی شەش ساڵەی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری پێشووی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆك بارزانی بۆ كۆتاییھێنان بە ناكۆكییە سیاسییەكان؛ بە کوردستان24ـی راگەیاند، "پەیامەكە گرنگە بۆ ئەوەی ململانێكان زیاتر قوڵنەبنەوە و پێویستە ھەمووان ھاوكاربن بۆ ئەوەی كۆتایی بە كێشەكان بھێندرێن".

جێگری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بە پێویستی دەزانێت "ھەموومان رژدبین لەسەر ئەوەی لە رێی كۆبوونەوە گرفتەكان چارەسەر بكەین".

 

رۆژی پێنجشەممە 11ـی ئایاری 2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لەمیانی گوتارێکیدا لە رێورەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی لە بارزان، داوای لە لایەنە سیاسییە کوردییەکان کرد، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ناوچەکە، پێش 18ـی ئەم مانگە، کۆبووەوەیەکی گەورە ساز بکەن.

سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا گوتی: بانگەوزاێك بۆ هەموو لایەن سیاسیەکانی کوردی دەکەم، تا لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە و پێش 18ـی ئەم مانگە کۆبوونەوەیەکی فراوان بکەن و تێیدا هەموو کێشەکان باس بکرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

سەبارەت بە بانگەوازەکەی، سەرۆک بارزانی رایگەیاند: پێش ئەم کۆبوونەوەیە داوا لە هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەکەم، کۆبوونەوەیەک بکەن، تا ئەم تەمومژیە نەمێنێت و زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە گەورەکە بکەن.