سەرۆکی ئۆکرانیا: بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی خاکەکەمان درێژە بە جەنگ دەدەین

ڤۆلۆدێمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارەکەی لە 32هەمین لووتکەی کۆمکاری عەرەبی
ڤۆلۆدێمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارەکەی لە 32هەمین لووتکەی کۆمکاری عەرەبی

K24 - هەولێر

ڤۆلۆدێمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، ئۆکرانییەکان جەنگیان دەست پێنەکردووە و ھێرشیان نەکردووەتە سەر وڵاتی دیکە و گوتی: "رادەست نابین و بۆ ھیچ داگیرکارێکی بیانی ملکەچ نابین. بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی خاکەکەمان، درێژە بە جەنگ دەدەین".

رۆژی هەینی 19ـی ئایاری 2023، لەمیانی بەڕێوەچوونی 32ھەمین لووتکەی سەرکردەکانی کۆمکاری عەرەبی ڤۆلۆدێمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، لەپێناو ئاشتی و گەڕانەوەی ئارامی بۆ وڵاتەکەی گەڕێکی سەردانیکردنی بۆ وڵاتانی جیهان دەستپێکردووە.

ڤۆلۆدێمیر زێلینسکی لەمیانی گوتارەکەیدا بانگھێشتی پاراستنی گەلەکەی و ئەو مووسڵمانانەی کرد کە لە ئۆکرانیادا دەژین.

زێلینسکی گوتی: "ئۆکرانییەکان جەنگیان ھەڵنەبژاردووە. ئێمە ھێرشمان نەکردووەتە سەر وڵاتی دیکە. رادەست نابین و بۆ ھیچ داگیرکارێکی بیانی ملکەچ نابین. بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی خاکەکەمان، درێژە بە جەنگ دەدەین".

دوێنێ هەینی 19ـی ئایاری 2023، لە شاری جەددەی سعوودی، خولی 32ـەمینی لووتکەی عەرەبی بە بەشداری سەرۆک و پادشا و نوێنەرانی هەر 22 وڵاتە عەرەبییەکەی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی بەڕێوەچوو.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه ‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتییان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون و تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.