بڕیاری مامەڵەکردن بە دیناری عێراقی لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل کێشەی دروستکردووە

"بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە مووسڵ سست بووە"

K24 - مووسڵ

دوای ئەوەی حکومەتی عێراق و وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریاندا مامەڵەکردن لە پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل تەنیا دیناری عێراقی بێت و مامەڵە بە دۆلار نەکرێت، ئەو بڕیارە کێشەی بۆ مامەڵەکاران لە پێشانگاکان دروستکردووە.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە، لە هەمان کاتدا ئەو بڕیارە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی لە مووسڵ سست کردووە، خاوەن یەکێک پێشانەگەکان دەڵێت، ئۆتۆمبێل هەیە نرخەکە بە 10 هەزار دۆلارە، بەڵام چۆن دەکرێتە دیناری عێراقی، ئایا بە چەند بگۆڕدرێتەوە.

یوسف خالید، خاوەن یەکێک لە پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە لە مووسڵ بە کوردستان24ی گوت: "لەسەرەتای بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بازاڕی ئۆتۆمبێل سست بوو، دواتر کە رووی لە دابەزین کرد بازاڕ تاڕادەیەک باش بوو، بەڵام لەگەڵ بڕیارەی حکومەتی عێراق بۆ مامەڵەکردن بە دیناری عێراقی لە بری دۆلار بازاڕ وەستاوە و ئاستەنگی بۆ مامەڵەکردن دروستکردووە".

ئابووریناسان پێیانوایە دەبوایە ئەو بڕیارە زووتر بدرێت، چونکە لەئێستادا زیان بە مامەڵەکاران دەگەیەنێت.

لەوبارەوە ئەحمەد حەیالی، ئابوریناس دەڵێت: "ئەو بابەتە درەنگ درا، چونکە ماوەیەکی زۆری دەوێت تا جێبەجێ دەکرێت، ئەو مامەڵەکارانەی ئۆتۆمبێلیان بە دۆلار کڕیوە ئێستا زەرەر دەکەن".