کۆریای باشوور قەدەغەی گەشتکردن بۆ عێراق هەڵدەگرێت

K24 – هەولێر:

شاندێکی پەرلەمانی کۆریای باشوور لە عێراقن و لەمیانی کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە، کە داوا لە داوایەک پێشکەش بە حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن بۆ هەڵگرتنی قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرمانگەی میدیایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشوازییان لە شاندێکی پەرلەمانی کۆریای باشوور و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە عێراق کرد و تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و سیئۆلیان کردووە.

بە ئامانجی زیاتر هاندانی کۆمپانیا کۆرییەکان بۆ کاری وەبەرهێنان لە عێراق و ئەنجامدانی پرۆژەی پێشکەوتوو، هەروەها زیاتر هەماهەنگیکردن بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاری زیاتر بۆ کاری کۆمپانیاکان، لیژنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوایان لە شاندە کۆرییەکە کرد داوا لە حکومەتی وڵاتەکەیان بکەن بۆ پێداچوونەوە بە بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتکردن لە هاووڵاتییانی کۆریای باشوور بۆ عێراق، ئەمەش بەهۆی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی ئێستا لە وڵات هەیە.

لە بەرامبەردا، شاندە کۆرییەکە پشتگیری خۆیان بۆ ئەو داوایە دەربڕی و دووپاتیانکردەوە، داوایەک ئاراستەی حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن بۆ هەڵگرتنی قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ عێراق. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، پێشنیازی کردنەوەی هێلی ئاسمانی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات و کردنەوەی ئەکادیمیای تایبەت بە فێرکردنی زمانی کۆری لە عێراق کرا.

دوای بەشداریکردنی کۆریای باشوور لەگەڵ هاوپەیمانان لە پرۆسەی ئازادی عێراق لە 2003، سوپای کۆریا لە هەولێر و کەرکووک نیشتەجێ بوون و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین پرۆژە و هاوکارییان پێشکەش کرد.

لەسەر ئاستی پەیوەندی دیبلۆماسی، کۆریای باشوور لە بەغدا باڵیۆزخانە و لە هەولێر کونسوڵخانەی هەیە و پەیوەندییەکی جێگیری لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها لە ساڵانی رابردوو چەندین زەمالەی خوێندنی لە زانکۆکانی کۆریا پێشکەش بە خوێندکارانی هەرێمی کوردستان و  عێراق کردووە.