چی روودەدات ئەگەر چیتر پلاستیک بەکارنەهێنین؟

پاشماوەی پلاستیکی
پاشماوەی پلاستیکی

* لە بەرواری 8 ـی حوزەیرانی 2022 لەلایەن "کێڵی ئۆکس"ـەوە نووسراوە

پلاستیک تێکەڵ بە هەموو کایەیەکی ژیانمان بووە، ئایا دەتوانین بەبێ پلاستیک بژین؟

لەکۆی ئەو 8300 ملیۆن تەن پلاستیکە پوختەی کە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2015 بەرهەم هاتووە، 6300 ملیۆن تەنی فڕێدراوە. زۆربەی ئەو پاشەڕۆ پلاستیکییانە هێشتا لە چواردەوری ئێمەن، لە زبڵگەکاندا ژێرخاکنراون یاخود ژینگەکەمان پیس دەکەن. ووردەپلاستیکەکان لە سەهۆڵە سەرئاوکەوتووەکانی دەریای جەمسەری باشووردا و لە ناو سکی ئەو زیندەوەرانەدا کە لە قووڵترین چاڵەکانی ناو زەریاکان دەژین و لە ئاوی خواردنەوەی سەرانسەری جیهانیشدا دۆزراونەتەوە. لە ڕاستیدا پاشەڕۆی پلاستیک ئێستا هێندە بەربڵاوە کە توێژەران پێشنیاری ئەوەیان کردووە کە دەکرێت وەکو نیشاندەرێکی جیۆلۆجی بەکاربهێنرێت بۆ ئەم سەردەمەی کە مرۆڤ کاریگەریەکی گەورەی نەرێنیی هەیە لەسەر ژینگە.

کاریگەری مرۆڤ لەسەر پیسبوونی ژینگە
کاریگەری مرۆڤ لەسەر پیسبوونی ژینگە

بەڵام چی ڕوودەدات ئەگەر بمانتوانیبا بە چەقەنەیەک هەموو ئەو پلاستیکەی کە لە ژیانماندا هەیە بکەینە دەرەوە؟ بۆ هەسارەکەمان، ئەنجامدانی ئەم کارە ئەزموونێکی سەرنجڕاکێش دەبێت، بەڵام بەخێرایی هەست بەوە دەکەین تا چ ڕادەیەک پلاستیک تێکەڵ بە هەموو کایەیەکی ژیانمان  بووە. ئایا هەر بەڕاست ئەگەری هەیە ئەو ژیانەی ئێمە پێی ئاشناین بەبێ پلاستیک بەردەوامبێت؟

مرۆڤەکان بۆ ماوەی هەزاران ساڵە ماددەی پلاستیکئاسایان بەکارهێناوە، وەک شلاک، کە ماددەیەکە لەو ماددە دەردراوەوە بەرهەمدێت کە لەلایەن مێرووی لاکەوە دەردەدرێت. بەڵام ئەو جۆرانەی پلاستیک کە لە ئێستادا ئێمە پێیان ئاشناین بەرهەمی داهێنانێکی سەدەی بیستەمن کە ئەویش (بەيکەلایت)ـە کە یەکەم جۆری پلاستیکە کە لە ساڵی 1907 لە سووتەمەنیی بەبەردبوو بەرهەمهێنرا. هەتا کۆتاییەکانی جەنگی جیهانیی دووەم پلاستیکی دەستکرد تەنها بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردەهێنرا، بەڵام لەدوای جەنگەکەوە دەستکرا بە بەرهەمهێنانی پلاستیک بەمەبەستى بەکارهێنانى لە بوارەکانی دیکەشدا. لەوکاتەوە بەرهەمهێنانی پلاستیک زۆربەی ساڵەکان زیادیکردووە، لە بەرهەمهێنانی 2 ملیۆن تەن پلاستیکەوە لە ساڵی 1950 دا بۆ 380 ملیۆن تەن لە ساڵی 2015 دا. ئەگەر زیادبوونەکە بەم ڕێژەیە بەردەوامبێت، ئەوا دەکرێت لە ساڵی 2050 دا  %20ی نەوتی بەرهەمهێنراو لە دروست کردنی پلاستیکدا بەکاربهێنرێت.

لە ئێستادا، پیشەسازیی پێچانەوە بەڕادەیەکی زۆر گەورەترین بەکارهێنەری پلاستیکی پوختە. بەڵام ئێمە پلاستیک بەچەندین شێوازی دیکەی درێژخایەن بەکاردەهێنین: لە بواری بیناسازی و گواستنەوە و چەندین بواری گرنگی دیکەی ژیاندا، جگە لەمانەش لە کەلوپەل و ئامێرەکانی ناوماڵ و تەلەفزیۆن و فەرش و موبایل و جلوبەرگ و لە ژمارەیەکی بێشوومار لە کاڵاکانی دیکەی ڕۆژانەماندا بوونى هەیە.

هەموو ئەمانەش واتای ئەوەن کە جیهانێکی تەواو خاڵی لە پلاستیک ئەستەمە. بەڵام وێناکردنی ئەوەی کە ئەگەر ڕۆژێک لەناکاو پلاستیک لە ژیانماندا نەمێنێت چ گۆڕانکارییەک بەسەر ژیانماندا دێت دەکرێت یارمەتیدەرمان بێت کە بیربکەینەوە لەوەی چۆن پەیوەندییەکی نوێ و بەردەوامتر لەگەڵیدا دروست بکەین. 

نەمانی پلاستیک لە نەخۆشخانەکاندا کارەسات دروستدەکات. شارۆن جۆرج، وانەبێژی پلە باڵا لە بواری پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەکان و پاراستنی ژینگە بە تەکنەلۆژیا لە زانکۆی کیڵ لە بەریتانیا دەڵێت "بیهێنە پێش چاوت کە بتەوێت یەکەیەکی گورچیلەی دەستکرد بە بێ پلاستیک بەڕێوەببەیت."

"بیهێنە پێش چاوت کە بتەوێت یەکەیەکی گورچیلەی دەستکرد بە بێ پلاستیک بەڕێوەببەیت" شارۆن جۆرج

سەنتەرێکی یەکەی گورچیلەی دەستکرد
سەنتەرێکی یەکەی گورچیلەی دەستکرد

پلاستیک لە دروستکردنی دەستکێش و تیوب و سرنج و کیسەی خوێن و تیوبی وەرگرتنی نمونە و چەندین کەلوپەلی دیکەشدا بەکاردەهێنرێت. لەوەتەی نەخۆشیی کروتزفێڵت جەیکەبی گۆڕاو دۆزراوەتەوە لەساڵی 1996، کە بەهۆی ئەو پڕۆتینانەوە دروست دەبێت کە هەڵە ڕیزبوون لە زنجیرەکانیاندا هەیە و بە پرایۆنەکان ناودەبرێن و ئەم پرایۆنانە دەتوانن لە پرۆسەی خاوێنکردنەوەی ئاسایی کەلوپەلەکانی نەخۆشخانەکاندا دەربازببن، بۆ هەندێک لە نەشتەرگەرییەکان کەرەستە باوەکانی نەشتەرگەری کە دەکرا زیاد لە یەک جار بەکاربهێنرێن گۆڕدران بۆ ئەو کەرەستانەی کە تەنها یەکجار دەبێت بەکاربهێنرێن. بەپێی توێژینەوەیەک، یەک نەشتەرگەریی لابردنی لەوزەتێن لە نەخۆشخانەیەکی بەریتانیا دەکرێت ببێتە هۆی فڕێدانی زیاتر لە 100 پارچە پلاستیکی جیاجیا. لەکاتێکدا هەندێک لە پزیشکانی نەشتەرگەری ئەوەیان خستووەتەڕوو کە لە نەخۆشخانەکاندا زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی ئەو پلاستیکانەدا دەکرێت کە تەنها یەکجار بەکاردێن، لە ئێستادا زۆرێک لە کەلوپەلە پلاستیکییە پزیشکییەکان پێویستن و نەبوونیان دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی کەسانێکی زۆر گیان لەدەستبدەن.

هەندێک لە کەلوپەلی پزیشکی
هەندێک لە کەلوپەلی پزیشکی

بەهەمان شێوە هەندێک لە کەلوپەلە پلاستیکییەکانی ڕۆژانە گرنگن بۆ پاراستنی تەندروستی. کۆندۆم و دایەفرام، کە هۆکارێکە لە هۆکارەکانی رێگریکردن لە سکپڕبوون، لەڕیزی ماددە گرنگەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیدان، هەروەها ماسکی ڕوخساریش، کە هەریەک لە ئەو ماسکە پزیشکیانەی کە لە پلاستیک دروستکراون و ماسکی هەناسەدان، و ماسکی پەڕۆ کە دەکرێت زیاد لە یەک جار بەکاربهێنرێتەوە دەگرێتەوە، کە ڕێگربوون لە خێرا تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆڤید-19. جۆرج دەڵێت "ئەو ماسکەی کە تۆ بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا بەکاریدەهێنیت پەیوەندیی بە سەلامەتی ئێمە و خەڵکی دیکەیشەوە هەیە." هەروەها گوتیشی "ئەگەر ئەو ماسکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەکارنەهێندرێت، ئەوا دەکرێت لە دەرئەنجامدا کەسانێکی زۆر گیان لەدەستبدەن."

بە نەمانی پلاستیک دەستبەجێ سیستمی خۆراکیشمان هەڵدەوەشێت. ئێمە خواردنەکانمان دەپێچینەوە بەمەبەستی پاراستنیان لە تێکچوون لەکاتی گواستنەوەیاندا و هەروەها هێشتنەوەیان بۆ ماوەیەکی زۆر تا بگەنە ڕەفەی نێو گەورە بازاڕەکان، هەروەها بە مەبەستی پێدانی زانیاری و بەبازاڕکردنیان. ئێلینی یاکۆڤیدۆ، مامۆستا لە بواری بەڕێوەبردنی ژینگەیی لە زانکۆی برونێڵی لەندەن دەڵێت "ناتوانم وێنای بکەم کە چۆن دەتوانرێت بەتەواوی جێی [پلاستیک] لە سیستمەکەماندا پڕبکرێتەوە."

تەنها بەکارهێنەران نین کە پێویستە خووەکانیان بگۆڕن، تەواوی ئەو زنجیرە چالاکییانەی کە پێویستە بۆ بەرهەم هێنانی کەلوپەلەکان تاکو گەیاندنیان بە کڕیارەکان پەرەیان پێدراوە بۆ فرۆشتنی بەرهەمە پێچراوەکان، و ئەمەش پێویستی بە گۆڕانکاریی ڕیشەییە. لە هەمان کاتیشدا ئەو بەرهەمانەی کە ئەگەری زۆریان هەیە لە ئەو ڕێگە دوورودرێژەی گواستنەوەیاندا لە کێڵگەکانەوە بۆ گەورەبازاڕەکان تووشی تێکچوون ببن وەک سەوزەی ئەسپەراگەس و لۆبیا و جۆرەکانی توو لەوانەیە لە کێڵگەکاندا جێبهێڵدرێن و لێنەکرێنەوە.

‎ئەگەر بمانتوانیبا کێشەکانی سیستمی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی شتوومەک چارەسەر بکەین، ئەوا دەتوانرا میوە و سەوزەکان بە نەپێچراوەیی بفرۆشرێن، بەڵام لەوانەیە ئەوکات پێویست بکات زوو زوو بازاڕی بکەین. توێژینەوەیەکی ڕێکخراوێکی خێرخوازیی بەریتانیا بۆ کەمکردنەوەی پاشەڕۆ بە ناوی”پرۆگرامی کارکردن لەسەر سەرچاوە و پاشەڕۆکان“ ئەوەی دۆزییەوە کە پێچانەوە بە پلاستیک وای کردووە کە برۆکلی بۆ ماوەی هەفتەیەک زیاتر لە ڕەفەکانی بازاڕەکاندا بمێنێتەوە ئەگەر لە ساردکەرەوەدا دابنرێت، هەروەها مۆزی بۆ نزیکەی 43 کاتژمێر لە پلەی گەرمیی ژووردا هێشتۆتەوە، بەڵام ئەم پێچانەوەیە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر سێو و خەیار و پەتاتە دروستنەکرد. لەڕاستیدا، توێژینەوەکە ئەوەشی دەرخستووە کە تەنانەت دەتوانرێت لەڕێی فرۆشتنی میوە و سەوەزەکانەوە بە نەپێچراوەیی پاشماوەی خۆراکی کەمبکرێتەوە، چونکە ئەمە دەبووە هۆی ئەوەی خەڵکی تەنها ئەوە بکڕن کە پێویستیانە.

تەنانەت قوتوی تەماتە و فاسۆلیاش نامێنن، کە ناوپۆشێکی پلاستیکییان هەیە بۆ پاراستنی خواردنەکە، لەئەنجامدا دەبێت خواردنی وشککراوە لە کیسەی کاغەزدا بکڕین و لەماڵەوە ئامادەیان بکەین. یاکۆڤیدۆ دەڵێت  ”خەڵکی زیاد لەپێویست لەسەر ئەوە ڕاهاتوون کە ئەو شتانەی پێویستییانە بە گونجاوترین و ئاسانترین ڕێگا دەستیانبکەوێت“، گوتیشی ”پێموایە پێویستە کەمێک خۆمان ماندوو بکەین “.

گۆڕینی پێچانەوەی پلاستیکی بە شتێکی دیکە کاریگەریی یەک لەدواییەکی ژینگەیی دەبێت. لەکاتێکدا کە شووشە لەهەندێک لایەنەوە لە پلاستیک باشترە، بۆ نموونە دەتوانرێت چەندین جار ڕیسایکڵبکرێتەوە، دەکرێت کێشی یەک بوتڵ شووشەی یەک لیتری 800 گرام بێت، بە بەراورد بە بوتڵێکی پلاستیک کە کێشەکەی 40 گرامە. لەدەرئەنجامدا بووتڵە شووشەکان بە تێکڕایی کاریگەرییەکی زیاتری نەرێنییان لەسەر ژینگە دەبێت، بە بەراورد بە دەبە پلاستیکیەکان وەک دەبەی شیر و شەربەتی میوە و خواردنەوە گازییەکان. کاتێک ئەو بووتڵ و شووشە قورسانە پێویستە بۆ جێیەکی دوور بگوازرێنەوە، دەردانی کاربۆن زیادتریش دەبێت. هەروەها ئەگەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەیانگوازنەوە پلاستیک لە پێکهاتەیاندا نەبێت، ئەوا کێشیان قورستر دەبێت و ئەمەش وادەکات دەردانی گازەکە لەوە زیادتریش ببێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، لەهەندێ لایەنەوە گۆڕینی شێوازی پێچانەوەی خواردن بەشە ئاسانەکەی پڕۆسەکە دەبێت. لەوانەیە تۆ لە بووتڵێکی شووشەدا شیر بکڕیت بەڵام لە پیشەسازیی شیرەمەنیدا بۆریی پلاستیکی بەکاردێت بۆ گواستنەوەی شیرەکە لە گوانی مانگاکانەوە بۆ بووتڵە شووشەکان. تەنانەت ئەگەر سەوزەی نەپێچراوە بکڕیت، ئەگەری هەیە ئەو جووتیارەی کە پێیگەیاندوون تەبەقی پلاستیکیی داپۆشەری بەکارهێنابێت بۆ گلدانەوەی ئاو و خۆبەدوورگرتن لە گژووگیا زیانبەخشەکان. بەبێ پلاستیک بەپیشەسازیی کردنی کشتوکاڵ بەو شێوەیەی ئێمە پێی ئاشناین کارێکی مەحاڵ دەبێت.

لەبری ئەوە، پێویستمان بە زنجیرەیەکی کورتتری بەرهەمهێنان و فرۆشتنی خۆراک دەبوو، وەک فرۆشگاکانی ناو کێڵگەکان و کشتوکاڵی پشتگیریکراو لەلایەن کۆمەڵگاوە. بەڵام بەهۆی ئەوەی زیاد لە نیوەی دانیشتوانی جیهان لە ئێستادا شارنشینن، بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە پێویستە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە لە جێگا و شێوازی پێگەیاندنی خۆراکەکانماندا بکەین. یاکۆڤیدیۆ لەمبارەیەوە دەڵێت ئەوە کارێکی مەحاڵ نییە، بەڵام ”دەبێت کاتی بۆ تەرخان بکەین و بڕی ئەو شتانە کەمبکەینەوە کە دەیخۆین“.

کۆکردنەوەی پاشماوە
کۆکردنەوەی پاشماوە

ژیان بە بێ پلاستیک گۆڕانکاری لە شێوازی پۆشینی جلوبەرگەکانیشماندا درووستدەکات. لە ساڵی 2018، %62 ی دەزووی ئەو کوتاڵە چنراوانەی لە جیهاندا بەرهەمهێنران دەستکردبوون، و لە وەرگرتە پیترۆکیمیاییەکان درووستکرابوون. لەکاتێکدا کە لۆکە و ڕیشاڵە سروشتییەکانی دیکە وەک ڕووەکی گوش دەبنە جێگرەوەیەکی باش بۆ هەندێک لە جلوبەرگەکانمان، بەڵام زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ پڕکردنەوەی خواستی ئێستای بازاڕ تێچوویەکی زۆری دەوێت. لۆکە لەسەر ڕووی %2.5 ی زەوییە کشتووکاڵییەکانی جیهان دەڕوێت، بەڵام %16 ی ڕێژەی بەکارهێنانی دەرمانە مێرووکوژەکان لە سەرتاسەری جیهان بۆ ئەو زەوییانە بەکاردێت کە لۆکەیان تێدا چێنراوە، کە ژیانی جووتیارەکان دەخاتە مەترسییەوە و سەرچاوە ئاوییەکانيش پیس دەکات. بەبێ پلاستیک، پێویستە دەستبەرداری ئەو شێوازەی پۆشینی جلوبەرگی ماوەکورت و باو ببین لەپێناو جلوبەرگی باشتر کە بتوانین چەندین جار بیانپۆشینەوە.

بەهەمان شێوە دەستبەجێ تووشی کێشەی نەبوونی پێڵاو دەبینەوە. پێش ئەوەی ئەم بەرەوپێشچوونە بەربڵاوەی پلاستیکی دەستکرد بێتە ئاراوە، پێڵاو زۆربەی کات لە چەرم درووستدەکرا. بەڵام لەئێستادا دانیشتوانی زەوی زیادیکردووە، و هەر یەکێکیش لە ئێمە پێڵاوی زۆر زیاتر بەکاردەهێنین: لەساڵی 2020ـدا 20 ملیار و نیو جووت پێڵاو درووستکراوە. جۆرج دەڵێت "ئێمە نەماندەتوانی پێڵاوی چەرم بۆ هەموو تاکێکی جیهان دابین بکەین.... ئەوە کارێکی ئەستەمە".

لەگەڵ ئەوەشدا جیهانێک بەبێ پلاستیک لایەنی ئەرێنیشی دەبێت، بۆ نموونە لە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی پلاستیک بۆ سەر تەندروستیمان رزگارمان دەبێت.

گۆڕینی نەوت و گازی سروشتی بۆ پلاستیک دەبێتە هۆی دەردانی گازی ژەهراوی کە هەوا پیس دەکات و کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچەیەی ئەم پرۆسەی تێدا ئەنجامدەدرێت. سەرباری ئەوەیش، ئەو ماددە کیمیاییانەی کە لە بەرهەمهێنانی پلاستیکدا بەکارهێنراون دەکرێت ببنە هۆی شێواندنی کوێرەڕژێنە کۆئەندام، کە سیستمێکە ئەو هۆرمۆنانە بەرهەمدەهێنێت کە پرۆسەی گەشەکردن و پەرەسەندنمان ڕێکدەخەن. دوو لەو ماددە کیمیاییە تێکدەرانەی کوێرەڕژێنە کۆئەندام کە زۆرترین لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە بریتین لە، ترشەخوێیەکانی فسالیک و ئاوێتەی بیسفێنۆلی ئەی. ترشەخوێیەکانی فسالیک بەکاردەهێنرێن بۆ نەرمکردنی پلاستیک بەڵام لە هەندێک کەرەستەی ئارایشتیشدا هەیە، و بیسفێنۆلی ئەی بۆ ڕەقکردنی پلاستیک بەکاردێت و بەشێوەیەکی ئاساییش لە ناوپۆشکردنی تەنەکەدا بەکاردێت.

شانا سوان پرۆفیسۆر لە بواری پزیشکی ژینگەیی و تەندروستیی گشتی لە کۆلێژی ئایکانی پزیشکی لە ماونت سینای شاری نیویۆرک دەڵێت "لەگەڵ ئەوەی ترشەخوێی فسالیکـ یاخود ئاوێتەی بیسفێنۆلی ئەی گرنگن بۆ پێکهاتەی پلاستیک، بەڵام بەشێک نین لە بەندە کیمیاییەکەی." ئەمەش مانای ئەوەیە کاتێک ئەم ماددە کیمیاییانە لە پێچانەوەی خواردندا بەکاردەهێنرێن، دەتوانن دزە بکەنە ناو خواردنەکەوە و بێنە ناو لەشی ئێمەوە.

هەندێک لە ترشەخوێیەکانی فسالیک دەکرێت بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی تێستێستیرۆن کەمبکەنەوە، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ژمارەی سپێرم و زیادبوونی کێشەی وەچەخستنەوە لە پیاواندا. لەلایەکی دیکەوە، بیسفێنۆلی ئەی وەک هۆرمۆنی ئیسترۆجین ڕەفتار دەکات کە هۆرمۆنێکی مێیینەیە و پەیوەندیی هەیە بە مەترسیی زیادبوونی کێشەی منداڵبوون لە ئافرەتاندا. بەڵام کاریگەرییەکانی هەر لە چوارچێوەی وەچەخستنەوەدا نامێنێتەوە. سوان لە کتێبەکەیدا بە ناوی کاونت داون دەڵێت "مەودای ئەو کاریگەرییە شێوێنەرانەی کە بەهۆی ماددە کیمیاییە تێکدەرەکانی کوێرەڕژێنە کۆئەندامەوە ئەگەری ڕوودانیان هەیە جێی سەرنجە". گوتیشی "ئەم ماددە کیمیاییانە پەیوەندییان هەیە بە ژمارەیەکی بێشوومار لە دەرهاویشتەی جۆراوجۆری تەندروستی لە زۆربەی کۆئەندامەکانی لەشدا، نەک تەنها کۆئەندامی زاوزێ، بەڵکو کاریگەریان لەسەر کۆئەندامی بەرگری و دەمار و زیندەچالاکی و سوڕانیش هەیە".

بەرکەوتن لەگەڵ ماددە شێوێنەرەکانی کوێرەڕژێنە کۆئەندام لەماوە هەستیارەکانی گەشەی کۆرپەلەدا دەکرێت کاریگەریی درێژخایەنی هەبێت. سوان دەڵێت "ئەگەر دایکەکە دووگیان بێت و بەرکەوتنی لەگەڵ پلاستیک یاخود هەر ماددەیەکی دیکەی کیمیایی هەبێت، کە گۆڕانکاری بەسەر گەشەی کۆرپەلەکەیدا بهێنێت، ئەوا ئەم گۆڕانکارییانە هەمیشەیی دەبن و چارەسەر ناکرێن". ئەمەش واتای ئەوەیە کە لەکاتێکدا وازهێنانی یەکجارەکی لە بەکارهێنانی پلاستیک وادەکات کە بەرکەوتنمان لەگەڵیدا کەمببێتەوە، کاریگەرییەکانی لانی کەم لە دوو نەوەی داهاتووشدا هەر هەستی پێدەکرێت. سوان دەشڵێت "ئەگەر داپیرت بەرکەوتنی لەگەڵ پلاستیک هەبووبێت ئەم بەرکەوتنە بە شێوەیەکی گشتی کاریگەریی لەسەر تەندروستیی تۆ هەیە بەتایبەت توانای وەچەخستنەوەت".

رۆژێکیش، دەمانەوێت چارەسەرێک بۆ ئەو پلاستیکانەش بدۆزینەوە کە ئێستا لە زەریاکاندان. ئایا هەرگیز دەتوانین زەریاکان لەو هەموو پلاستیکە پاک بکەینەوە؟ چێڵسی ڕۆکمان، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی ژینگەزانی و زیندەزانیی گۆڕانی سرووشتی لە زانکۆی تۆرنتۆ دەڵێت "هەندێک ماددە هەن کە لە بنی دەریاکاندان و هەر لەوێش دەمێننەوە، و بە تەواوی بەشێکن لە سیستمی ژینگەیی". دەشڵێت بەڵام ئەگەر هەوڵی تەواوەتیی خۆمان بدەین دەکرێت خۆمان لە پلاستیکە سەرئاوکەوتووەکان ڕزگار بکەین.

لە ئێستادا توێژەران پێیانوایە کە زۆربەی ئەو پلاستیکانەی سەر ئاوی زەریاکان کەوتوون لەکۆتاییدا یان دەکەونە کەناراوەکانەوە یان بە درێژایی کەناراوەکان ژێرخاک دەکەون. لە ئێستادا هەندێک لەو پلاستیکانەی کە لە کەناراوەکاندان لەڕێگەی تۆڕە زبڵگرەکان و شێوازی کۆنی زبڵ کۆکردنەوەی دەستی پاککراونەتەوە. بەردەوامبوون لەسەر ئەو پاککردنەوەیە کاریگەرییەکی ئەرێنیی دەبێت لەسەر ژیانی زیندەوەرانی ئاوی. ڕۆکمان دەڵێت "ئەوکات ژمارەیەکی کەمتر لەو ئاژەڵانە دەبینین کە لە کەناراوەکاندا کەوتوون و پلاستیک لە ناو سکیاندایە، و کەمتریش پلاستیکیان لێوەدەئاڵێت". دەشڵێت "زۆربەی ئەو شتانەی کە ئاژەڵەکان قووتیانداون ئەو شتانە نین کە لە قوڵایی دەریاکاندان، بەڵکو ئەوانەن کە لە کەنارەکاندان".

بەهەمان شێوە دەرهێنانی پارچە گەورەکانی پاشماوەی پلاستیک ڕێگری دەکات لەوەی تێکبشکێن و ببنە ووردەپلاستیک. زۆربەی ئەو ووردەپلاستیکانەی کە دوور لە کەناراوەکان دۆزراونەتەوە هی ساڵانی 1990 ەکان یاخود پێشووترن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە چەند دەیەیەک دەخایەنێت تاوەکو پارچە گەورەکان پارچە پارچە ببن. ئەمەش واتای ئەوەیە کە ئەگەر هەر لە سبەینێوە چیتر پاشماوەی پلاستیکیی دیکە بۆ زەریاکان زیاد نەکەین، ئەوا ووردەپلاستیکەکان تا چەند دەیەیەکی دیکە بەردەوام لە زیادبووندا دەبن، بەڵام بە دەرهێنانی ئەو پاشماوانەی ئێستا هەن، دەتوانین ئەو هەڵکشانە ڕابگرین. ڕۆکمان دەڵێت "لەوانەیە سەردەمێک بێت کە تیایدا هەموو ئەو ئاژەڵانەی کە لە ئاو دەریاندەهێنین، ووردەپلاستیکەکان لە جەستەیاندا نەبێت".

”لەوانەیە سەردەمێک بێت کە تیایدا هەموو ئەو ئاژەڵانەی کە لە ئاو دەریاندەهێنین، ووردەپلاستیکەکان لە جەستەیاندا نەبێت“ چێڵسی رۆکمان.

لە جیهانێکی بێ پلاستیکدا، دەشێت دروستکردنی جۆرە نوێیەکانی پلاستیک لە ڕووەکەکانەوە کارێکی سەرنجڕاکێش بێت.

ئەو پلاستیکانەی کە لە ماددە زیندەییەکان دروستکراون و چەندین تایبەتمەندیی هاوشێوەی پلاستیکە پیترۆکیمیاییەکانیان هەیە لە ئێستادا بەکاردەهێنرێن. بۆ نموونە، ترشی پۆلیلاکتیکی درووستکراو لە نیشاستەی گەنمەشامی کە بەکاردێت بۆ درووستکردنی قەسەپ، لێکچوونێکی زۆریان هەیە لەگەڵ ئەو جۆرە قەسەپەی کە لە پلاستیکی درووستکراو لە سووتەمەنیی بەبەردبوو درووستکراوە، بەپێچەوانەی قەسەپە کاغەزییەکان کە دەکرێت پێش تەواوکردنی خواردنەوەکەت بخوسێن. ئەو پلاستیکانەی کە لە ماددە زیندەییەکان دروستکراون دەتوانرێت لەو بەشانەی ڕووەک دروستبکرێن کە بۆ خواردن دەشێن وەک شەکر و گەنمەشامی، یاخود لەو ماددانەی ڕووەکەکە کە شیاو نین بۆ بەکارهێنان، وەک تەڵاشی قامیشی شەکر، کە ئەو پاشماوەیەیە لە دوای وردکردنی قامیشەکە دەمێنێتەوە. تەنها بەشێک لە ئەو پلاستیکانەی کە لە ماددە زیندەییەکان دروستکراون لەلایەن زیندەوەرە وردەکانەوە هەڵدەوەشێنرێن یاخود دەکرێت بکرێنە پەینی ڕووەک. بەڵام زۆرینەی ئەو پلاستیکانە هێشتا پێویستە بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بەتایبەتی لە کارگەکانی پیشەسازیی پەیندا، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە لە ژینگەدا بوونیان نامێنێت، ئێمە ناتوانین هەر فڕێیانبدەینە دەریاوە و هیوای باشترین دەرئەنجام بخوازین.

تەنانەت ئەگەر کارگەی تایبەتیان بۆ دروستبکەین و بیانکەینە پەین، ڕەنگە ئەو پلاستیکانەی کە لە ماددە زیندەییەکان دروستکراون بەکەڵکتر نەبن بۆ ژینگە، لانیکەم دەستبەجێ ئەو کاریگەرییە ئەرێنییەیان نابێت. ستوارت واڵکەر، توێژەر لە زانکۆی ئێکزیتەر، وتارێکی لەم دواییانەدا نووسیوە دەربارەی کاریگەرییە ژینگەییەکانی ئەو پلاستیکانەی کە لە ماددە زیندەییەکان دروستکراون و پلاستیکی درووستکراو لە سووتەمەنیی بەبەردبوو، دەڵێت "لەو بڕوایەدام کە لە سەرەتادا زیادبوونی کاریگەرییەکانی بەچاوی خۆمان دەبینین".

ئامادەکردنی خواردەمەنی لە بازاڕدا بۆ فرۆشتن
ئامادەکردنی خواردەمەنی لە بازاڕدا بۆ فرۆشتن

پاککردنەوەی زەوی بۆ ئەوەی بکرێتە کێڵگە کاردەکاتە سەر سیستمە ژینگەییەکان و هەمەجۆریی زیندەیی. پەیینە کیمیاییەکان و دەرمانە مێرووکووژەکان دەبنە هۆی دەردانی کاربۆن و دەکرێت ڕووبار و دەریاچەکانی ئەو ناوچانە پیس بکەن. توێژینەوەیەک ئەوەی خستەڕوو کە گۆڕینی ئەو پلاستیکانەی لە سووتەمەنیی بەبەردبوو درووستدەکرێن بۆ ئەو پلاستیکانەی کە لە ماددە زیندەییەکان دروستکراون دەکرێت 300 تا 1650 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی پێویستبێت (300 - 1650 ترلیۆن لیتر) بۆ یەک ساڵ، کە ئەم ڕێژەیەش %3 بۆ %18 ی تێکڕای ئاوی بەکارهاتووی جیهانە. ئەو بەروبوومانەی کە بۆ خواردن دەشێن لەوانەیە لەجێی خواردن بۆ بەرهەمهێنانی پلاستیک بەکاربهێنرێن، و بەمەش ئاسایشی خۆراک دەکەوێتە مەترسییەوە. هەر بە پێگەیشتنیان، ئەم بەرووبوومانە پێویستیان بە پوختەکردنی زیاتر هەیە تاوەکو ببنە هاوتایەکی زیندەیی بۆ ئەو پلاستیکەی لە سووتەمەنیی خاو دروست دەکرێت، ئەم کارەش پێویستی بە وزە هەیە، کە لە دەرئەنجامیشدا دەبێتە هۆی دەردانی کاربۆن.

بەڵام هەوڵدان بۆ بەراوردکردنی کاریگەرییە ژینگەییەکانی پلاستیکە زیندەییەکان بە پلاستیکی ئاسایی کارێکی ئاڵۆزە، بەتایبەت لەبەرئەوەی کە ئەو پلاستیکانەی کە لە سووتەمەنیی بەبەردبوو پێکهاتوون لە پێشترن. واڵکەر دەڵێت "ئێمە لەمێژە ئەم کەرەستە پلاستیکییانە دروستدەکەین، بەڕادەیەک کە شارەزای بووین،" و دەشڵێت "بەپێی کات گۆڕانکاری بەسەردا دێت و دەشبینین کە بەهۆی پلاستیکە زیندەییەکانەوە، دەردراوەکان کەمدەبنەوە". لەگەڵ هەوڵی وڵاتانی جیهان بۆ نەهێشتنی گازی کاربۆن لە سەرچاوەکانی دابینکردنی کارەبادا، دەردانی کاربۆن لە بەرهەمهێنانی ئەو پلاستیکانەی کە لە ماددە زیندەییەکان دروستدەکرێن کەمتردەبێتەوە.

بەرهەمهێنانی کارەبا
بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی پاک

بەڵام، مەرج نییە دروستکردنی پلاستیک لە ڕووەکەکانەوە ئەو کێشە تەندرووستییانە چارەسەر بکات کە لە ماددەکەوە سەرچاوە دەگرن. یاکۆڤیدۆ دەڵێت لەکاتێکدا توێژینەوە لەسەر ئەم بابەتە کەمە، ڕێی تێدەچێت کە ماددەی هاوشێوەی ئەو ماددە زیادکراوانەی کە لە پلاستیکە باوەکاندا بەکارهاتوون لە ئەو پلاستیکانەشدا بەکاربهێنرێن کە لە ماددە زیندەییەکان دروستکراون. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئەو تایبەتمەندییانەی کە ماددەکان پێویستیانە هەمان تایبەتمەندین. یاکۆڤیدۆ دەشڵێت "ئەوەی زۆر جێی نیگەرانیی منە چارەنووسی ماددە زیادکراوەکانە". ئەگەر ئەو پلاستیکانەی کە لە ماددە زیندەییەکان دروستکراون لەگەڵ پاشماوەی خۆراک تێکەڵبکرێن و بکرێنە پەین، هەرچییەک لە ناو پلاستیکەکەدا بێت تێکەڵی سیستمی خۆراکیمان دەبێت.

ئاشکرایە کە جێگرتنەوەی ماددەیەک بە ماددەیەکی دیکە هەموو ئەو کێشانەمان کە پەیوەستن بە پلاستیکەوە چارەسەر ناکات.

لەئێستادا هەوڵێک هەیە بۆ بڕیاردان لەوەی کە کام جۆرانەی پلاستیک پێویستنین، کامە جۆریان دەکرێت بەکارنەهێرێن و کامانەشیان دەبنە هۆی کێشە، هەریەک لە وڵاتانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا و نیوزلەندا و هەرێمی دوورگەکانی زەریای هێمن تێیدا بەشدارن و ئامانجیان کۆتاییهێنانە بەو جۆرانەی پلاستیک. بۆ زیادتر بەرەوپێشچوونی ئەو هەوڵەیش، دەتوانین بڕیاربدەین کە تەنها ئەو پلاستیکانە بەکاربهێنین کە بەڕاستی پێویستمانن. لە بەشێکی کتێبێکدا کە بەمدواییانە بڵاوکراوەتەوە، جۆرج ڕێگەیەک دەخاتەڕوو کە یارمەتیمان دەدات تێبگەین لەوەی کە کام جۆرانەی پلاستیک گرنگن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئایا کەرەستەکە پێویستییەکی گرنگ پڕدەکاتەوە، وەک خواردن و پەناگە و بواری پزیشکی، و هەروەها ئایا کەمکردنەوەی بڕی ماددەکە یاخود بەکارهێنانی ماددەیەکی دیکە لەجێی پلاستیکەکە کاریگەریی دەبێت لەسەر بەکارهێنانی، دەتوانین بڕیاربدەین ژیانمان لەسەر کام جۆرەی پلاستیک بەندە و لەسەر کام جۆرەشیان بەندنیە.

بەڵام ئەم جۆرە گرنگانەی پلاستیک تایبەتن بە بوارێکی دیاریکراو و هەمیشەیی نین. بۆ نموونە، لە هەندێک شوێن ئاوی خواردنەوەی پاک تەنها لە بوتڵی پلاستیکدا بەردەستە. جێنا جامبێک پرۆفیسۆر لە بەشی ئەندازیاریی ژینگەیی لە زانکۆی جۆرجیا دەڵێت "ئەمە واتای ئەوەیە کە ئێمە پێویستە پەرە بە ژێرخانی ئاوی خواردنەوە بدەین تاوەکو پێویستمان بەوە نەبێت کە پشت بە ئاوی لە بوتڵنراو ببەستین. بەڵام لە ئێستادا [پلاستیک] پێویستە".

بیرکردنەوە لە تەواوی سووڕی ژیانی هەر ماددەیەکی تازە، و ئەوەی کە کاتێک ئەو ماددانە کەڵکیان نامێنێ ئێمە چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین شتێکی گرنگە. واڵکەر دەڵێت "ئێمە تاڕادەیەک ئەوەمان لەبیرکردووە کە پیشەسازیی ڕیسایکلین باشترین چارەسەر نیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ماددانەی کە چیتر بەکاریان ناهێنین".

واڵکەر لەگەڵ هاوکارەکانیدا لە زانکۆی شیفێڵد لێکۆڵینەوەی لەسەر کاریگەرییە نەرێنییە ژینگەییەکانی دەفری خواردنی سەفەری کە یەک جار بەکاردێت و دەفری خواردنی سەفەری کە دەکرێت دووبارە بەکاربهێنرێتەوە کرد. لە دەرئەنجامدا ئەوەیان دۆزییەوە کە دەفرێکی تۆکمەی پلاستیکی پێویستە تەنها دوو بۆ سێ جار بەکاربهێنرێتەوە تاوەکو لە دەفرێکی پۆلیپرۆپیلینی سەفەری باشتر بێت لە رووی کاریگەریی کەش و هەواوە، تەنانەت بە لەبەرچاوگرتنی شۆردنیش. دەفری ستیلی دژە ژەنگیش دوای 13 جار بەکارهێنان گەیشتە هەمان خاڵی یەکلاکەرەوە، بە خۆشحاڵییەوە خواردنی سەفەری پێویست ناکات ببێتە بەشێک لە ڕابردوو لە جیهانی بێ پلاستیکدا.

ئەوکات، گەورەترین گۆڕانکاری کە ڕووبەڕووی دەبینەوە دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی کلتوری فڕێدانی کەلووپەلەکانە. نەک تەنها پێویستە لەڕووی بەکارهێنانی شتەکانەوە گۆڕانکاری بکەین، هەر لە جلوبەرگ و خواردنەوە تا ئامێرەکانی جل شۆردن و موبایل، بەڵکو پێویستیشە گۆڕانکاری لە چۆنیەتیی بەرهەمهێنانیشیاندا بکەین. جۆرج دەڵێت "ئێمە زۆر بەپەلەین لەوەی کە شتێکی هەرزان و سەفەری بکڕین، لەکاتێکدا دەبێت بەرهەمەکانمان بە تۆکمەیی و بەپێی پێوەرەکان دروستبکەین تاوەکو بتوانرێت بگۆڕدرێن و چاکبکرێنەوە."

بە بێ پلاستیک، تەنانەت دەبێت بە شێوەیەکی جیاوازیش گوزارشت لە خۆمان بکەین. واڵکەر دەڵێت "وشەی بەکارهێنەر هەر لە بنەچەوە دەستەواژەیەکە واتای بەکارهێنانی شتێک بۆ تەنها یەکجار دەدات". ئێمە کاتێک دەتوانین خۆمان بە هاوڵاتی ناوزەند بکەین، کە لە جیهانێکدا بژین تیایدا ئامرازەکانی پێچانەوە دووبارە بەکاربهێنرێنەوە یاخود بۆ مەبەستێکی دیکە سوودیان لێوەربگیرێت نەک فڕێبدرێن.

لەوانەیە درک بە ئەوەش بکەین کە سەرەڕای ئەو سودانەی کە پلاستیکی ڕەسەن هەیبووە، تەواوی ئەو گۆڕانکارییانەی لە شێوازی ژیانماندا دروستیکردووە گۆڕانکاریی ئەرێنی نەبوون. ئەگەر ئێمە بەهۆی پێچانەوەی پلاستیکیی بەرهەمەکانەوە بێت کە دەتوانین خواردنی نیوەڕۆ بەدەستەوە بگرین و بەڕێگاوە بیخۆین، و بەهۆی ئەو ئامێرانەی کە بەڕێژەیەکی زۆر پلاستیکیان تێدا بەکارهاتووە دەتوانین بەردەوام لە پەیوەندیدا بین، ئەوا بە بێ پلاستیک لەوانەیە وا پێویست بکات کە کەمێک بێسەروبەری لە پلانەکانی ڕۆژانەماندا کەم بکەینەوە. جامبێک دەڵێت "ئەگەر هەموو ئەوانە نەمێنن، ژیانمان بەو خێراییەی پێشوو بەڕێوە ناچێت،" و دەشپرسێت "ئایا ئەمە شتێکی خراپە؟"

* وەرگێڕانی: ئاکۆ محەممەد عەبدوڵڵا + شێنێ عەبدولجەلیل جەلال