ئه‌ردۆغان بۆ گه‌نجانی توركیا: گوێ لە درۆی ئەو کەسانە مەگرن کە دەیانەوێت بتانکەن بە هاوبەشی شکستە سیاسییەکانیان

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا

K24 - هەولێر:

سەرۆكکۆماری تورکیا، داوای لە گەنجانی وڵاتەکەی كرد، گوێ لە درۆی ئەو کەسانە نەگرن کە دەیانەوێت بیانکەن بە هاوبەشی شکستە سیاسییەکانیان.

رەجەب تەیب ئەردۆغان  سه‌رۆككۆماری توركیا له‌میانه‌ی پانێڵێك له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك گه‌نجی توركیا رایگەیاندووە: "ئەوانەی لە تاریکی بێ بندان، ناتوانن ئومێد ببەخشن، ئەو کەسانەی دید و خەون و ئامانجیان نییە، ناتوانن ئاسۆتان رووناک بکەنەوە، تکایە گوێ لە درۆی ئەو کەسانە مەگرن کە دەیانەوێت بتانکەن بە هاوبەشی شکستە سیاسییەکانیان و ئەو تابلۆ تاریکەی کە هەوڵی کێشانی دەدەن".

بە ئاماژەدان بەوەی کە لەماوەی ئەم 21 ساڵەدا دەستوەردانیان لە شێوازی ژیانی هیچ گەنجێکدا نەکردووە، ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە رێگەیان بە هیچ کەسێک نەداوە دەستوەردان لە جلوبەرگ و شێوازی بیرکردنەوە و ئارەزووی کەسێکی دیکە بکات.

گوتیشی: "جگە لەوەی کە چەندین کار و وەبەرهێنان و پڕۆژەیان لەو وڵاتە هێناوەتە دی، بە هەموو توانایەکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی گەنجان بە ئازادی بیرۆکەکانیان بخەنەڕوو و بە ئازادی بژین".

ئەردۆغان لە درێژەی پەیامەکەیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە تورکیایەکدا دەژین کە هەموو جۆرە چالاکییەکی هونەری بە ئاسوودەیی بەڕێوەدەچێت، میوانداریی چالاکییە نێودەوڵەتییەکان دەکەین و وەرزش، میوزیک، زانست و تەکنەلۆجیا زیاتر لە جاران ئاوێتەی ژیانمانن. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی زانکۆکانمان بۆ 208 زانکۆ، هەنگاوی تۆکمە دەنێین بەرەو ئامانجەکانمان، پشتیوان بە خودا دوای 28ی ئایار بەیەکەوە لەگەڵ ئێوە دەست بە بنیاتنانی سەدەی تورکیا دەکەین".

لە 14ـی ئایاری 2023، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەچوو، رۆژی 15ـی ئایاریش، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، دوای تەواوبوونی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی راگەیاند و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریش هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی نەیانتوانیوە رێژەی (50% +1) بەدەستبهێنن، بۆیە لە 28ـی ئەم مانگە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 49.5%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.89%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

بەپێی رێژەی دەنگەکانی هەڵبژاردنیش کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 87%، رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، 27 ملیۆن و 88 هەزار و360 دەنگی بەدەستهێناوە، کەمال کڵچدارئۆغڵوش 24 ملیۆن و 568 هەزار و 196 دەنگی بەدەستهێناوە، دەنگەکانی سینان ئۆغانیش بریتییە لە دوو ملیۆن 829 هەزار و 634 دەنگ.