چیرۆکی ئازادکردنی کچە کوردێکی ئێزدی لە فێستیڤاڵی فیلمی کان نمایش دەکرێت

بەرگی فیلمی بێدەنگی سیبێڵ
بەرگی فیلمی بێدەنگی سیبێڵ

K24- هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەمە، 21ی ئایاری 2023، فیلمی "بێدەنگی سیبێڵ"، کە چیرۆکی ئازادکردنی کچە کوردێکی رفێندراوی دەستی داعشە لە لایەن دکتۆرێکی کوردی دانیشتووی فەرەنسا، لە فێستیڤاڵی فیلمی کان پەخشبکرێت.

فیلمەکە، ماوەکەی کاتژمێرێک و 38 خولەکە و لە دەرهێنانی عەلی یەگانەیە، کە دەرهێنەرێکی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ساڵی 2021 فیلمەکەی بەرهەمهێناوە و فیلمەکە بە زمانی فەرەنسیە.

چیرۆکی فیلمەکە لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە سیبێڵی تەمەن 13 ساڵان، لە لایەن چەکدارانی داعشەوە لەگەڵ هەزاران کچ و ژنی دیکەی ئێزیدی دەرفێندرێت، و وەک "کۆیلەی سێکسی" لە بازاڕەکانی سووریا و عێراقدا مامەڵەی پێودەکرێت، لەکاتێکدا تەواوی خانەوادەکەی سیبێڵ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەکوژرێن.

هانا، پزیشکێکی بەڕەگەز کوردی دانیشتووی شارۆچکەیەکی فەرەنسایە، زۆر کاریگەر دەبێت بە چیرۆکی ئەو کچە ئێزیدیە و بڕیار دەدات کە بە پارە ئەو کچە لە دەست چەکدارەکان رزگاربکات.

دیمەنێک لە فیلمی بێدەنگی سیبێڵ
دیمەنێک لە فیلمی بێدەنگی سیبێڵ

لە دوای ئازادکردنی، هانا و سیبێڵ دەگەڕێنەوە بۆ فەرەنسا، پزیشکەکە زۆر هەوڵ دەدات کە ژیانێکی شاییستە بۆ قوربانییەکە دابین بکات، بەڵام کاریگەرییە دەروونییەکانی ئەو رووداوە، وا دەکات کە سیبێڵ توانای قسەکردنی لەدەستبدات و نەتوانێت ژیانێکی ئاسایی بژیت.

دەرهێنەرەکە لەبارەی فیلمەکەوە دەڵێت کە: "بێدەنگی سیبێڵ" بریتیە لە چیرۆکی پاکتاوکردنی کەمینەیەکی ئاینی کە بیروباوەڕیان جیاوازە. لە چەکدارەکان، فیلمەکە دەربارەی جێنۆسایدێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوە کە بە پلان کار بۆ دەستدرێژیکردنە سەر کچان و ئافرەتان کراوە".

ئەو دەرهێنەرە کوردە دەڵێت: بەمەبەست نەیویستووە دیمەنە توندوتیژیەکان نیشان بدات.

فیلمی "بێدەنگی سیبیڵ" پێشتر بوو بە براوەی خەڵاتی باشترین ئەکتەریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی یولین دوبیکی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی کان، سێشەمەی رابردوو لە شاری کانی فەڕەنسا دەستیپێکرد، تاوەکوو 27ی ئایار بەردەوام دەبێت. ساڵانە سەدان ئەکتەری بەنێوبانگی جیهانی لەسەر فەرشی سووری فێستڤاڵەکە دەردەکەون و نوێترین فیلمەکانیان نمیاش دەکەن.

کارەکتەری سیبێڵ
کارەکتەری سیبێڵ