خلووسی ئاكار: له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان له‌ عێراق و سووریا به‌رده‌وام ده‌بین

خلووسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری توركیا
خلووسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری توركیا

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زیری به‌رگری توركیا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌نقه‌ره‌ تا دواین "تیرۆریست" له‌ناو ده‌بات، له‌ راوه‌دوونانی "تیرۆریستان" ناوه‌ستێت. ده‌شڵێت: " توركیا له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان له‌ باكووری عێراق و سووریا به‌رده‌وام ده‌بێت".

خلووسی ئاكار وه‌زیری به‌رگری توركیا، له‌میانه‌ی پێشكه‌شكردنی گوتارێك‌ له‌ كۆنگره‌ی (نه‌هێشتنی تیرۆر) له‌ ئیسته‌نبۆڵ، رایگه‌یاند، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر یه‌كێكه‌ له‌كاره‌ هه‌ره‌ له‌پێشینه‌كانی توركیا.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی به‌جدی رووبه‌ڕووی تیرۆریستان ده‌بێته‌وه‌.

وه‌زیری به‌رگری توركیا ده‌شڵێت: "سوپای توركیا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان له‌ باكووری عێراق و سووریا".

روونیشیكرده‌وه‌، تا دوایین تیرۆریست ده‌پێكین، له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی "تیرۆر" ناوه‌ستین، سوپای توركیا "تیرۆریستان" له‌و حه‌شارگانه‌ ده‌نێژێت، كه‌ بۆ خۆشاردنه‌وه‌ هه‌ڵیانكه‌ندووه.‌