ئەمڕۆ رۆژی دەستنووسی کوردییە

K24 – سلێمانی

رۆژی 22ی ئایار بە رۆژی دەستنووسی کوردی دیاریکراوە، چەند دامەزراوەیەک لە هەرێمی کوردستان کار لەسەر کۆکردنەوەی دەستنووسەکان دەکەن.

سدیق ساڵح، سەرپەرشتیاری بنکەی ژین لە سلێمانی، کە بنکەکەیان کار لەسەر کۆکردنەوەی دەستنووسی کوردی دەکات بە کوردستان24ی گوت: "یەکێک لە ئەرکەکانمان پاراستنی سامانی دەستنووی کوردییە، تائێستا زیاتر لە 1300 دەستنووسمان کۆکردووەتەوە، دەستنووسەکان بە زمانی کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی عوسمانی و سریانین".

ئاماژەی بەوەشکرد: "هەرچەندە دامەزراوەیەکی فەرمی لە هەرێمی کوردستان نییە بۆ کۆکردنەوەی دەستنووسەکان، بەڵام زیاتر لە سێ هەزار دەستنووس لە کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی هەیە".

د. هەردی مەهدی، بەڕێوبەری ناوەندی ئەکادیمی سەر بە زانکۆی سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر بە سەرپەرشتی ژمارەیەک پسپۆری بیانی و ناوخۆیی دوای چەند کۆبوونەوەیەک، بە مەبەستی برەودان بە دەستنووسی کوردی بڕیارماندا رۆژی 22ی ئایار وەک رۆژی دەستنووسی کوردی دیاری بکەین".

رۆژی دەستنووسی کوردی