کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی بەردەوامدەبن و پێکهاتەکانیش دەڵێن کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن یاساییە

K24 - هەولێر:

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، گرژی و ئاڵۆزی روویدا و بە دەنگی 58 پەرلەمانتار، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کاراکرایەوە، پەرلەمانتارێکی پارتیش رایگەیاند، لەپێناو قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیان کاراکردەوە.

لیزا فەلەکەدین، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، رۆمیۆ هەکاری، پەرلەمانتار و سکرتێری گشتی پارتی بەیت نەهرین، سارا دلشاد، نوێنەری پێکهاتەی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنیان لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، ئاماژەیان بەوەدا، دانیشتنەکەی ئەمڕۆی (22ـی ئایاری 2023)ـی پەرلەمانی کوردستان یاسایی بوو، هەروەها دەنگدرا بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە پێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

سەرەتا لیزا فەلەکەدین، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند، بڕیارنەبوو دانیشتنەکەی ئەمڕۆ بەو شێوەیە بەڕێوەبچێت و ئەندامانی پارتی ئەمڕۆ زۆر بەرپرسیارانە مامەڵەیان کرد، ئەمڕۆ مانەوەشمان لە پەرلەمان تەنها بۆ ئەوەبوو پابەندبین بەو بەڵێنەی کە بە هاووڵاتییانی خۆمانداوە کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، هەروەها نەدەکرا چاوەڕێبین کات بکوژین چونکە دادگای فیدڕاڵی رۆژی چوارشەممە دانیشتنی هەیە سەبارەت بە دەستوری بوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا.

هەروەها راشیگەیاند، پارتی لە سەرەتای 2021ـەوە لە هەوڵی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانە، ئەمەش مانای ئەوە نییە گەیشتبینە بنبەست، بەڵکو کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی لە ئاستی مەکتەبی سیاسیی بەردەوام دەبن.

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی دووپاتیکردەوە، پارتی جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەکاتەوە، هەروەها سەبارەت بە پێکهاتەکان گوتی، رێز لە ئیرادە و خواستی پێکهاتەکان دەگرین پێویستە خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیانبدەن، ئێمە وەک پارتی بە هیچ شێوەیەک دەستوەرنادەینە کارەکانیان، پێشنیارمان کردووە  یەکێتی و یونامی لەگەڵ پێکهاتەکان کۆببنەوە، لە ئەنجامدا چیان پێباشبوو ئێمە وەک پارتی قبوڵی دەکەین، ئەگەر لە بەرژەوەندی ئێمەش نەبوو.

هەر لەبارەی گرژی و ئاڵۆزیەکانی ئەمڕۆی پەرلەمان، رۆمیۆ هەکاری، پەرلەمانتار و سکرتێری گشتی پارتی بەیت نەهرین، رایگەیاند، ئەبوایە بە شێوەیەکی دیکە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ بەڕێوەبچووبایە، هەروەها ئەوەی ئەمڕۆ روویدا لە خزمەتی پەرلەمان و لە خزمەتی پێکهاتەکان نەبوو، هەروەها لە بەرژەوەندی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا نەبوو.

هەروەها راشیگەیاند، بە کۆبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردووی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دڵخۆش و گەشبین بوون، ئەوەی ئەمڕۆ روویدا هیوادارین نەبێتە گرفت لەبەردەم وەستاندنی کۆبوونەوەکان، هەروەها هیوادارین دانیشتنەکانی پەرلەمان لە رۆژانی داهاتوودا نەوستێت بۆ ئەوەی خۆمان ئامادەبکەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا.

رۆمیۆ هەکاری، گوتیشی، بەداخەوە پێکهاتەکان کرانە بیانوو بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، ئێمە پاشکۆی هیچ حزبێک نەبووینە لە هەرێمی کوردستان. سەبارەت بە کورسی پێکهاتەکانیش، سکرتێری گشتی پارتی بەیت نەهرین جەختی لەوەکردەوە، 11 کورسی پێکهاتەکان، خۆمان دیاریمان نەکردووە بە یاسا پێماندراوە و بەخێر پێماننەدراوە، هەروەها ئێمە سەر بە هیچ حزبێکی کوردستان نین، بەڵام هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی کوردستانین چونکە پارتی پاڵپشتی لە مافەکانمان دەکات.

لەلایەن خۆیەوە، سارا دڵشاد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە پێکهاتەی تورکمان، رایگەیاند، بەداخەوە لە دانیشتنەکانی ئەمڕۆدا دەیانویست کۆمیسیۆن کارانەکرێتەوە، هەروەها دانیشتنەکەی ئەمڕۆ بەپێی پەیڕەو یاسایی بوو، بۆیە ئێمە دەنگماندا و کۆمیسیۆن لە ئێستادا کارایە و پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان لە پێکهاتەی تورکمان، روونیکردەوە، بە داخەوە پێکهاتەکان کراونەتە بیانو بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەکرێت. هەروەها گوتیشی، ئێمە لەگەڵ دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان نین و لەگەڵ ئەوەین ژمارەی کورسییەکانیشمان زیادبکرێت، بۆ ئەوەی دەنگی پێکهاتەکان نەفەوتێت.