واتسئاپ تایبەتمەندییەکی نوێی زیاد کرد

واتسئاپ
واتسئاپ

K24 - هەولێر

کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبووک، ئینستگرام و واتسئاپ رایگەیاند بەکارهێنەرانی واتساپ دەتوانن لە ماوەی 15 خولەکدا ئەو نامانە چاکبکەنەوە کە ناردوویانە.

لەو راگەیەندراوەی کە لە مێتاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، تایبەتمەندییەکی نوێی هێناوە و لەرێگەیەوە کۆنتڕۆڵی زیاتر لە کاتی گفتوگۆکردن بە بەکارهێنەرانی واتساپ دەدات بەشێوەیەک کە دەتوانن هەڵەیەکی بچووکی نووسین چاکبکەنەوە و نووسین بۆ نامەکانیان زیادبکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا، باس لەوە کراوە کە بەکارهێنەران دەتوانن پەنجە لەسەر ئەو نامانە دابگرن کە ناردوویانە و لە رێگەی بژاردەی "چاککردنەوە"وە دەتوانن لە ماوەی 15 خولەکدا گۆڕانکاری لە نامەکاندا ئەنجامبدەن و ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو نامانەی کە چاککراونەتەوە بە دەستەواژەی "چاککراوە" هێما دەکرێت بەڵام کەسی بەرامبەر ناتوانێت رابردووی چاککراوەکان ببینێت.

لە راگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوەش کراوە، نامەکان و ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەسەریاندا هاتووە بە تەواوەتی بە وشەی نهێنی دەپارێزرێن و تایبەتمەندیی بەکارهێنان بۆ هەموو جیهان خراوەتە بەردەست و لە هەفتەکانی ئایندەدا هەموو کەس دەتوانێت بەکاریبهێنێت.