تورکیا 15 کەسی بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ مۆساد" دەستگیرکرد

پۆلیسی تورکیا
پۆلیسی تورکیا

K24 - هەولێر

بەگوێرەی رۆژنامەی سەباحی تورکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی تورکیا، دەستگیرکردنی 15 کەسی راگەیاند، کە دووکەسیان تورکن، بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل "مۆساد".

دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا کە رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، ئەو گروپە 15 کەسییە تۆڕێکیان لە سەرانسەری وڵاتدا بەڕێوەبردووە، هەروەها لەلایەن سەلجوق کوچوکایاوە بەڕێوەدەبرێن، کە پیاوێکە لە ئەوروپا راهێنانی پێکراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کوچوکایا بە شێوەیەکی تایبەت لەگەڵ کارگێڕانی مۆساد کۆبووەتەوە، کە خۆیان بە خۆسێ جۆرێ ساتیا و تۆماس ئەلفۆنسۆ رائول ناساندووە، لە چەند وڵاتێکی ئەوروپی، کە تێیدا مەشقی تایبەت و مەشقی سیخوڕیی ئەنجامداوە، هەروەها سیستەمی پەیوەندییە نهێنییەکانی دەزگاکەیان فێرکردووە، کە خەڵکی دیکە دەتوانن پەیوەندی پێیەو بکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، کۆچوکایا ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری لەسەر کۆمپانیایەک و 23 کەس کە پەیوەندی بازرگانییان لەگەڵ ئێراندا هەبووە و لەلایەن ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "چاودێری ماڵ و شوێنی کارکردنی کەسوکاری ئەو کەسانەی پێشتر ئاماژەیان پێکراوە و دزەپێکردووە بۆ مۆساد سەبارەت بە گەشتەکانیان بۆ دەرەوە و هاتنەوەیان، پەیوەندییە تەلەفۆنیەکان و ئاماژەکان و هەژماری بانکی و موڵکەکانیان".

دوای سکالاکردنی کەسێک، کوچوکایا و هاوکارەکانی دەستگیرکراون لە کاتێکدا کە پاکێجێکی هەڕەشەئامێزیان بۆ یەکێک بۆ ئەو کەسە بە پۆست ناردووە.