ئەردۆغان: دەستمان بە ناردنەوەی نزیکەی 500 هەزار پەنابەر بۆ باکووری سووریا کردووە

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا

K24 - هەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا  رایگەیاند، دەستیان بە ناردنەوەی نزیکەی 500 هەزار پەنابەر بۆ باکووری سووریا کردووە و کاری درووستکردنی ئەو یەکانە کە یەک ملیۆن پەنابەری تێدا نیشتەجێ دەکەن بەردەوامە.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆغان لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری هاوشارییان کە لە هۆڵی وەرزشیی ماماک هیدایەت تورکئۆغڵو بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەش کرد.

ئه‌ردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، سیاسەتی پرۆژە و خزمەتیان ئەنجامداوە و گوتی: "ئێمە هیچ کات سیاسەتی ئیستیغلالکردنمان په‌یڕه‌و نه‌كردووه‌. هەرگیز سیاسەتی درۆمان په‌یڕه‌و نەکردووە. شتێکمان بە گەلەکەمان نەگوتووە کە نەتوانین ئەنجامی بدەین. شەو و رۆژ کارمان کردووە بۆ ئەنجامدانی هەموو ئەو کارانەی کە بەڵێنمان داوە ئه‌نجامیان بده‌ین. دەشزانن کەسانێک هەیە کە ژیانیان لەسەر درۆ دامەزراوە. ئەو کەسەی کە ژیانی پیشەیی بە نقومکردنی دامەزراوەی بیمەی تەندروستی دەستپێکرد و بە رووداوی کاسێتیکەوە كرایه‌ سەرۆكی جەهەپە و بەردەوامە ئێستا خواستی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەی هەیە".

گوتیشی: "ئایا ئەم وڵاتە رادەستی کەسێک دەکرێت کە هێشتا ئەو کەسانەی لە حزبەکەدا هێشتووەتەوە کە تەنها لەبەر ئەوەی دەنگیان پێنەداون، هەموو جۆرە بێڕێزییەکیان بە زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان کردووە؟".

سەبارەت بە ناردنەوەی پەنابەرە سوورییەکان رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "دەستمان بە ناردنەوەی نزیکەی 500 هەزار پەنابەر بۆ باکووری سووریا کردووە".

لای خۆیەوە مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەڤپەڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: راست نییە بڵێین تورکیا هەموو پەنابەرانی سووریا دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەیان، ئاماژەی بەوەشکرد، کەرتەکان لە تورکیا وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی، پێویستیان بە کرێکار هەیە.

سەدان هەزار سووری لە زۆرێک لە سێکتەرە جیاوازەکانی تورکیادا، بە مووچە 8 هەزار و 500 لیرەی تورکی کاردەکەن، بەبێ ئەوەی خاوەن کارەکان تێچووی بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی  بدەن، بۆیە زۆرێک لە خاوەن کارگەکان و کۆمپانیاکان رۆیشتنیان رەتدەکەنەوە.

جگە لەوەش بازرگانانی سووریا بەشدارییان کردووە لە بوژاندنەوەی ئابووری هەندێک لە شارەکانی تورکیا بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان، وەکو غازی عەنتاب.

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەشڵێت: تورکیا رێوشوێنی پێویستی لە سنوورەکانی لەگەڵ سووریا و ئێران گرتووەتەبەر و کێشەی کۆچبەری بە "وتاری رق و کینە یان رێگەی پۆپۆلیستی" چارەسەر ناکرێ.

تورکیا ئامادەکاری دەکات بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کە یەکشەممەی داهاتوو 28/5/2023، بەڕێوەدەچێت و دۆسیەی سووریاش گۆڕاوە بۆ بڕگەی یەکەمی بانگەشەکانی پڕوپاگەندە، بەتایبەتی لەلایەن کەمال کڵچدارئۆغڵو کاندیدی ئۆپۆزسیۆن کە قسەکانی چڕتر کردووەتەوە بەرامبەر بە پەنابەران، هەروەها سوێندی خواردووە "10 ملیۆن پەنابەر و کۆچبەر بە یەکجاری دیپۆرت بکاتەوە".