ئەردۆغان گۆرانی دەڵێتەوە

K24 – هەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە ئیستانبوڵ گۆرانی دەڵێتەوە.

بۆ بینینی ئەردۆغان لەکاتی گۆرانی گوتنەوە کلیک بکە

ئەردۆغان، سەرۆکی گشتی ئاکپارتی و کاندید بۆ سەرۆکایەتی تورکیا، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری پارتەکەی لە ناوچەی ئەسانلاری شاری ئیستانبوڵ وتارێکی پێشکەش کرد و جارێکی دیکە رکابەرەکەی بە پشتیوانی بۆ پەکەکە تۆمەتبار کرد.

رەجەب تەیب ئەردۆغان رووی قسەکانی ئاراستەی ئەو دەنگدەرانە کرد کە لە ھەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاردا دەنگیان بە پارتەکانی دەرەوەی ھاوپەیمانی جمھوور داوە رایگەیاند "دەزانم کە بەیاننامەی پشتیوانی قەندیل و پەنسیلڤانیا ئێوەشی بێزار کردووە. دەزانم کە لە ناخەوە ناڕازین لەسەر ئەوەی کە بەرپرسانی پارتەکانتان حیساب بۆ ئیرادەی ئێوە ناکەن".

دەشڵیت: "ئەو ئەرکەی لەسەرتان بوو لە بەرامبەر پارتەکان بەجێتانگەیاند، ئێستاش ئەرکی خۆتان لە بەرامبەر وڵاتەکەتان و رۆڵەکانتان جێبەجێ بکەن. بەڕێوەبردنی وڵات و نوێنەرایەتیکردنی کۆماری تورکیا لە جیھان بارگەی ھەموو کەسێک نییە. بۆ ئەمە پێویست بە ئیرادەیەکی پۆلاین ھەیە".

ئەمڕۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا کۆتایی دێت و سبەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوەدەچێت، کە هەر یەک لە کەمال کڵچدار ئۆغڵو و رەجەب تەیب ئەردۆغان رکابەری بە دەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری داهاتووی تورکیا دەکەن.