کەرنەڤاڵی 54 ساڵەی بەپارێزگابوونی دهۆک بەڕێوەدەچێت

دیمەنێکی شاری دهۆک
دیمەنێکی شاری دهۆک

K24 - هەولێر:

ئێوارەی ئەمڕۆ کەرنەڤاڵێک بەبۆنەی 54 ساڵەی بە پارێزگابوونی دهۆک بەڕێوەدەچێت، تێیدا 15 کەسایەتی کە خزمەتیان بە پارێزگاکە کردووە خەڵاتدەکرێن و دامودەزگا حکومییەکانیش کاروچالاکییەکانیان پیشانددەدەن. هاوکات ئاهەنگێکی هونەری تا درەنگانی شەو بەوبۆنەیەوە سازدەکرێت.

ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئایاری 2023، حەسەن فەتاح، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشبنیری و هونەری پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بە پاڵپشتیی پارێزگاری دهۆک، ئێوارەی ئەمڕۆ لە پارکی نەورۆز، نۆیەمین کەرنەڤاڵی 54ـەمین ساڵی بەپارێزگابوونی شارەکە رێکدەخات.

حەسەن فەتاح ئاماژەی بەوەشکرد، کەرنەڤاڵەکە کاتژمێر 06:00ـە ئێوارە لەژێر دروشمی (ژینگەها مە مالا مەیە) دەستپێدەکات؛ تێیدا گرنگی بە دوو تەوەری سەرەکی دەدرێت، ژینگە و پاراستنی ئەو پێکەوەژیانە ئایین و نەتەوەییەی لە پارێزگای دهۆک و سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هەیە.

لە کەرنەڤاڵەکەدا، وەکو ئەوەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشبنیری و هونەری پارێزگای دهۆک باسی دەکات، چەندین خێوەت لە پارکی نەورۆز بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و دامودەزگاکانی پارێزگاکە، ژمارەیەک گوڵخانە و نامگە ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی کار و چالاکییەکانیان پیشانبدەن.

حەسەن فەتاح روونیشیکردەوە، هەر لەو کەرنەڤاڵەیەدا 15 کەسایەتی خەڵاتدەکرێن کە خزمەتیان بە پارێزگای دهۆک کردووە و هاوکات دوای کاتژمێر 07:00ـی ئێوارە ئاهەنگێکی هونەری بە بەشداری پێنج هونەرمەندی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوەدەچێت و تێیدا گوزارشت لە هەموو پێکهاتە ئایین و نەتەوەییەکانی دهۆک دەکرێت.

ساڵی رابردوو لە هەشتەمین کەڕنەڤاڵی 53ـەمین ساڵیادی بە پارێزگابوونی دهۆک، ڕێپێوانێکی گەورە لە سەنتەری شارکە بەڕێوەچوو، بەڵام وەکو حەسەن فەتاح ئاماژەی پێدەدات، "بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت"، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری ئەو پارێزگایە بڕیاری داوە، ئەمساڵ ئەو ڕێپێوانەیە نەکرێت.

دهۆك لە سەرەتای ساڵانی 1800 گوند بوو، لە ساڵی 1850 بووتە ناحیە. ساڵی 1873 بووەتە قەزا و رۆژی 27ـی 5ـی ساڵی 1969 کراوەتە پارێزگا. پارێزگای دهۆک لە هەشت قەزا، 24 ناحیە و 914 گوند پێکدێت و ژمارەیەک کۆمەڵگا و گوند دەکەونە سنووری جوگرافی ئەو پارێزگایە.

بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای دھۆک لە ساڵی 2020دا، یەک ملیۆن و 644 ھەزار و 612 کەس بووە و بەھۆی پەلامارەکانی داعش بۆسەر ناوچەکانی عێراق لە حوزەیرانی 2014، زیاتر لە 300 ھەزار ئاوارە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە روویان لە دھۆک کردووە.

دهۆک، بە یەکێک لە دەوڵەمەنترین پارێزگاکانی هەرێمی كوردستان لە رووی گەشتوگوزار، كولتوور، داونەریتی كوردەواری و پێكەوە ژیان دادەنرێت.

هەڵکەوتەی جواگرفیی و سرووشتی دهۆک چیا و دۆڵ و دیمەنی جوان و سەرنجڕاکێش لەخۆدەگرێت کە بەشێک لە ئەشکەوتەکانی مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا، هەروەها زیاتر لە 150 ناوچەی شوێنەواریی دەکەونە سنووری ئەم پارێزگایەوە، ئەمەش وایکردووە کە گەشتیاران لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە بەتایبەت لە وەزی هاویندا روو لەم پارێزگایە بکەن.