د. عوسمان عەلی: هەدەپە دەبوو پێش هەڵبژاردن سەبارەت بە مافەکانی کورد لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا رێککەوتبا

K24 - هەولێر:

د. عوسمان عەلی، سەرۆکی رێکخراوی تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی سەبارەت بە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەڵێت: لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو چەند شتێک روویاندا، کە ئەگەری هەیە لە بەرژەوەندی یەکێک لە لایەکان بێت.

ئەمڕۆ گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێوەدەچێت، هەر یەک لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، و رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا.

سەرۆکی رێکخراوی تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر هەشتی کوردستان24 رایگەیاند، راستە رێژەی دەنگەکانی ئەردۆغان و کڵچدارئۆغلو لە گەڕی یەکەمدا جیاوازییەکی زۆریان نەبوو، بەڵام لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو چەند شتێک روویاندا، کە ئەگەری هەیە لە بەرژەوەندی یەکێک لە لایەکان بێت.

د. عوسمان عەلی دەڵێت: وتاری کلچدارئۆغڵو لە گەڕی یەکەمدا وتارێکی مرۆڤدۆستانەیە، بەڵام لە گەڕی دووەمدا وتارەکەی بە ئاشکرا رەگەزپەرستی پێوە دیارە.

سەرۆکی رێکخراوی تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی راشیگەیاند، هەدەپە دەبوو پێش هەڵبژاردن سەبارەت بە مافەکانی کورد لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا رێککەوتبا، گوتیشی: ئەمە نەکرا و کچڵدارئۆغلو چەند بەڵێنێکی گشتی دا، کە لە دوای گەڕی یەکەم لەوانیش پاشەکشکەی کرد و لێیان پەشیمان بووەوە. ناوبراو پێی وایە، بەشێکی کەمی کوردانی باکووری کوردستان دەچنە سەر سندووقی دەنگدان، لەبەرئەوەی بێ ئومێدن لە هەردوولا، گوتیشی: هەر بۆیە شتێکی وا لە بارودۆخی کورد ناگۆڕێت و دەنگی کورد یەکلاکەرەوە نابێت.

بەپێی ئەو شیکارییانەی لە 10 رۆژی رابردوودا کراون، خەڵکانێکی زۆر لە بەرژەوەندی ئەردۆغان قسە دەکەن، بەڵام د. عوسمان عەلی ئەوەی خستەڕوو، دەنگدەرانی ئەردۆغان رەنگە هاوشێوەی گەڕی یەکەم بە گڕوتینەوە نەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بەهۆی ئەوەی وابزانن هەڵبژاردنەکە بۆ ئەردۆغان یەکلایی بووەتەوە، ئەوەش وادەکات کڵچدارئۆغلو دەربچێت، بەڵام ئەوە ئەگەرێکی زۆر لاوازە.

د. عوسمان عەلی دەشڵێت: لەکاتێکدا زۆرینەی باکووری کوردستان خەڵکانێکی موحافیزکارن، هەدەپە بە ئەجێندایەکی چەپگەرانە بەشداری هەڵبژاردنی کرد، ئەمەش خوێندنەوەیەکی هەڵەی هەدەپەیە کە یەکەمجاری نییە.

سەرۆکی رێکخراوی تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی گوتی: ئەردۆغان ئایدیۆلۆجیست نییە، زۆر کەس دەڵێن ئەردۆغان ئەجێندایەکی ئیسلامی هەیە، بەڵام ئەمە هیچ بنچینەیەکی نییە، ئەردۆغان بەردەوام بۆ بەرژەوەندی خۆی کار دەکات و لەسەر ئەو بنەمایەش لەگەڵ ئیسرائیل و سعوودیە پەیوەندییەکانی باش کرد.

ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان هەرێمی کوردستانی قبوڵ کردووە، ئەمەش بەهۆی بوونی بەرژەوەندی هاوبەشە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەگەر کوردانی رۆژئاوای کوردستان، گرەنتی بدەنە ئەردۆغان کە نابنە مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، ئەردۆغان ئامادەیە لەگەڵیان رێکبکەوێت، چونکە رۆژئاوا دەوڵەمەندە بە سامانە سروشتییەکان.