پرۆسەی دەنگدان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کۆتایی هات

کڵچدارئۆغڵو و ئەردۆغان
کڵچدارئۆغڵو و ئەردۆغان

K24 – هەولێر:

گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەچوو، بەگوێرەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەش، کاتژمێر پێنجی ئێوارە، دەرگای بنکەکانی دەنگدان داخران و لە سەرتاسەری تورکیا کۆتایی بە پرۆسەکە هات.

ئەمڕۆ یەکشەممە (28ـی ئایاری 2023)گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە کاتژمێر هەشتی بەیانی دەستی پێکرد و کاتژمێر پێنجی ئێوارە، سندوقەکانی دەنگدان داخران و کۆتایی بە پرۆسەکە هات.

لەلایەن خۆیەوە، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، هیچ کێشەیەک لە پرۆسەی دەنگداندا و ئەنجامی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی 14ـی ئایار زووتر رادەگەیەندرێت.

هەروەها لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، 64 ملیۆن و 145 هەزار و 504 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیەش 60 ملیۆن و 745 هەزار و 366 دەنگدەری ناوخۆی وڵاتن و ئەوانی دیکەش لە دەرەوەی وڵاتبوون، کە لەو رێژەیەشدا ملیۆنێک و 920 هەزار و 52 کەس لە دەرەوەی تورکیا بەشدارییان کردووە.

هاوکات لە 81 پارێزگاکەی تورکیا، هەزار و 92 بنکەی دەنگدان و 191 هەزار و 884 سندوقی دەنگدانیش ئامادەکرابوو کە ژمارەیەکیان گەڕۆکبوون بۆ ئەوەی دەنگدەرانی تورکیا و باکووری کوردستان دەنگی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی تورکیا بدەن.

هەردوو کاندیدەکەی سەرۆکایەتی لە گەڕی دووەم لە پرۆسەکە لەگەڵ هاوژینەکانیان بەشدارییان کرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار لە ئیستانبوڵ و کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت لە ئەنقەرە دەنگیاندا.

بەگوێرەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە (20 بۆ 24ـی ئایاری 2023) پرۆسەی دەنگدان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەچوو، کە لە گەڕی یەکەمدا 3.4 ملیۆن دەنگدەر لە دەرەوەی وڵات بە رێژەی 5% مافی دەنگدانیان هەبوو لەگەڵ چوار ملیۆن و 904 هەزار و 672 دەنگدەر بۆ یەکەمجار دەنگیاندا، لە گەڕی دووەمیشدا، 47 هەزار دەنگدەری نوێ کە تەمەنیان گەیشتە سەروو 18 ساڵ مافی دەنگدانیان هەبوو.

دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن کە لە (14ـی ئایاری 2023)، بەڕێوەچوو، هیچ یەکێک کە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی نەیانتوانی دەنگی نیوەی زیاتری دەنگدەرانی وڵاتەکەیان بەدەستبهێنن، بۆیە بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی تورکیا بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، کەوتە گەڕی دووەم کە ئەمەش بووە یەکەم هەڵبژاردن لە مێژووی دروستبوونی کۆماری تورکیا بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات، پەنا بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن ببرێت.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 49.52%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.88%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

بەپێی رێژەی دەنگەکانی هەڵبژاردنیش کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 86.98%، رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، 27 ملیۆن و 133 هەزار 837 دەنگی بەدەستهێناوە، کەمال کڵچدارئۆغڵوش 24 ملیۆن و 594 هەزار و 932 دەنگی بەدەستهێناوە، دەنگەکانی سینان ئۆغانیش بریتییە لە دوو ملیۆن 831 هەزار و 208 دەنگ.