ئەردۆغان لە ئەنقەرە وتاری سەرکەوتن پێشکەشدەکات

ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا
ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا

K24 - هەولێر:

سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانەی پێشکەشکردنی وتاری سەرکەوتنی لە ئەنقەرە، رایگەیاند، تورکیامان زۆر خۆشدەوێت چۆن دەکرێت خۆشمان نەوێت. هاوکات راشیگەیاند، ئەوانەی لە قەندیلن ئەو گەلەیان خۆشناوێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی کۆماری تورکیا، گوتی:" بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان ئێستا 320هەزار کەس ئامادەن، لە فڕۆکەخانە تا ئێرە رێگاکان هەمووی پڕە، هاووڵاتییان  دڵخۆشن بە سەرکەوتنی هاوپەیمانی کۆمار".

هەروەها گوتیشی: "ئێوە هاوپەیمانی کۆمارتان بەجێ نەهێشت، نەتانهێشت هاوپەیمانی کۆمار بە تەنیا بمێنێتەوە، ئێوە دووبارە ئەم بەرپرسیارییتیەتان بە ئێمەدا و سەدەی تورکیا پێکەوە بنیات دەنێنەوە، سوپاسی گەلەکەمان دەکەم کە منیان بە شایەنی ئەم پۆستە زانییەوە".

سەرۆکی کۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوەدا، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن سوپاس بۆخودا  کێشەیەکی وا رووینەدا، بە گوێرەی ئەنجامە نا فەرمییەکان گەلەکەمان پۆستی سەرۆک کۆماری 5 ساڵی تورکیای دووبارە بە ئێمە بەخشییەوە، لە 14ـی ئایارەوە هەروەها لە 28ـی ئایارەوە بە هەمان شێوە، سوپاسی تاک بە تاکی هاووڵاتییانمان دەکەم بۆ دووبارە متمانەیان بەمن".

ئەردۆغان دەڵێت: "ئەوەی براوە بووە تەنها من نیمە، بەڵکو هەموو تورکیا براوە بووە، هەروەها دیموکراسییەتەکەمان سەرکەوت لەم هەڵبژاردنەدا، دووپاتی دەکەمەموە لە وڵاتەکەماندا هیچ کەسێک شکستی نەهێناوە".

باسی لەوەشکرد، ئەوانەی لەم هەڵبژاردنەدا دۆڕاون خاوەن سیناریۆی تاریکن، هەروەها "ئەوانە رێکخراوە تیرۆرستییەکان و مافیاکانن". سەرۆکی  کۆماری تورکیا ، گوتیشی: "لەبارەی قۆناغی هەڵبژاردنەوە سەرجەم گفتوگۆ و دەمەقاڵی و ململانێکان بەلاوە دەنێن، هەروەها لەپێناو ئامانجە میلییەکان و خەونە میلییەکان لەم چوارچێوەیەدا یەک دەگرینەوە ئێستا کاتی یەکبوونە".

لەبارەی کەمال کڵچدار ئۆغلۆ، سەرۆکی کۆماری تورکیا، رایگەیاند، ئەوان دەیانگوت ئەگەر دەتانەوێت سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد بکرێت پێویستە دەنگ بەمن بدەن، بەڵام "گەلە ئازیزەکەی من باش دەزانێت لە دیاربەکر 51 هاووڵاتی کورد بوونە قوربانی شەهید بوون، کە سەڵاحەددین دەمیرتاش هۆکاری کوشتنیان بوو".

هەروەها راشیگەیاند، "بەهۆی گیان لەدەستدانی 51 هاووڵاتی کە برایانی کوردی ئێمەن، هەروەها دەمیرتاش بە ئاسانی ئازادناکرێت، چونکە لە دەسەڵاتی ئێمە شتێکی لەو جۆرە مەحاڵە".

سەرۆک کۆماری تورکیا دووپاتیکردەوە، ئەوانەی لە قەندیلن ئەو گەلەیان خۆشناوێت، ئەوانەی لە قەندیلن هەوڵیان دا وڵات بشێوێنن و دیموکراسی سەقامگیری نەهێڵن.

لەبارەی حکومڕانی وڵاتەکەی، ئەردۆغان، ئاماژەی بەوەدا، "لە ماوەی دەسەڵاتی ئێمەدە دادپەروەری بنەمای موڵکیەتە، بە یەکگرتووی ئامانجە نیشتیمانیەکانمان بەدەست دەهێنین، دەست بە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی تورکیا دەکەین".

سەبارەت بە پەنابەرانی سووریا، سەرۆک کۆماری تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە، لە ماوەی ساڵێکدا ملیۆنەک کۆچبەری سوری دەگەڕێنینەوە بۆ وڵاتەکەیان، هەروەها هاوکاری 600 هەزار سووریمان کرد کە خۆبەشانە بگەڕێنەوە وڵاتەکانییان.

رۆژی یەکشەممە (28ـی ئایاری 2023)، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەچوو، میدیا تورکییەکان بڵاویانکردەوە کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 84%.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار رێژەی 52.2%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت رێژەی 47.8%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

لەبارەی ژمارەی دەنگەکانیش، لە گەڕی دووەمدا، ئەردۆغان تا رێژەی جیاکردنەوەی 99.9%ـی دەنگەکان، 27 ملیۆن و 725 هەزار و 131 دەنگی بەدەستهێناوە، هەروەها کڵچدارئۆغڵو، 25 ملیۆن و 432 هەزار و 951 دەنگی بەدەستهێناوە.

بەگوێرەی دەستووری نوێی ئەو وڵاتە، سیستەمی تورکیا سەرۆکایەتییە و سەرۆکی هەڵبژێدراو بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو سەرۆکایەتی تورکیا دەکات.

دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن کە لە (14ـی ئایاری 2023)، بەڕێوەچوو، هیچ یەکێک کە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی نەیانتوانی دەنگی نیوەی زیاتری دەنگدەرانی وڵاتەکەیان بەدەستبهێنن، بۆیە بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی تورکیا بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، کەوتە گەڕی دووەم کە ئەمەش بووە یەکەم هەڵبژاردن لە مێژووی دروستبوونی کۆماری تورکیا بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات، پەنا بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن ببرێت.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 49.52%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.88%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

بەپێی رێژەی دەنگەکانی هەڵبژاردنیش لە گەڕی یەکەم کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 86.98%، رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، 27 ملیۆن و 133 هەزار 837 دەنگی بەدەستهێنا، کەمال کڵچدارئۆغڵوش 24 ملیۆن و 594 هەزار و 932 دەنگی بەدەستهێنا، دەنگەکانی سینان ئۆغانیش بریتی بوو لە دوو ملیۆن 831 هەزار و 208 دەنگ.