شەماڵی عەبەڕەش دەبێتە پارێزەر

K24 - هەولێر

ھونەرمەندی شانۆکار و بواری درامی (شەماڵی عەبەڕەش) لە دوو ئەزموونی نوێ دا دەردەکەوێتەوە و ھەواڵی نوێترین کارە ھونەرییەکانی دەگەیەنێتە کوردستان24.

دەرکەوتنەکەی شەماڵی عەبەڕەش بەشداریکردنە لە دوو کاری جیاوازی ھونەری وەک درامای باڵەخانە، کە بە ڕۆڵی ئارێزی پارێزەر تێیدا بەشدارە و دراماکەش 12 ئەڵقەیە و باس لە گرفتە ھەنووکەییەکانی ئەم سەردەمە دەکات، ھاوکات بەشداری لە فیلمێکی درێژی مێژووی کردووە بە ناونیشانی زریانی بەھار، کە گێڕانەوەی چیرۆکێکی غەمگینە لەگەڵ عومەری خاوەر، کە بە سیمبولی قوربانیدان لە ھەڵەبجە شەھید ناوزەند دەکرێت.

شەماڵی عەبەڕەش لە لێدوانێکی تایبەتدا سەبارەت بە کار و بەرھەمە نوێیەکانی بۆ کوردستان 24 دەڵێت: بەشداریکردنم لە فیلمی مێژوویی زریانی بەھار بە ڕۆڵی مام عەبدوڵای چایەچی، کە کەسایەتیەکی دیاری ئەو شارەیە و بەھۆی نزیکی لە سیمبولی شەھیدانی ھەڵەبجە عومەری خاوەر چەندین چیرۆکی تاڵ و شیرینیان تۆمار کردووە ئێستا دەبێتە ھەوێنی ئەو بەرھەمە سینەماییەی کە من تێیدا بەشدارم و ڕۆڵی ئەو کەسایەتیە بەرجەستە دەکەم، ھەروەھا بەشداریم لە درامایەکی دیکە کردووە بە ناوی باڵەخانە، کە 12 ئەڵقەیە و بەرھەمێکی وەرزییە، لەم وەرزەشدا من بە ڕۆڵی ئارێزی پارێزەر بەشداریم کردووە و سەرگەرمی چارەسەری گرفتەکانم کە ڕۆژانە ڕوودەدەن و ئاڵۆزییەکانی ژیان و کێشە و گرفتەکان لەو درامایەدا کۆبوونەتەوە و منیش وەک کارەکتەرێک لە دراماکە بە دوای خاڵی چارەسەردا دەگەڕێم، ئەمەش دەبێتە نوێترین کار و چالاکیی من وەک ھونەرمەندێک لە دوای شانۆگەریی باوک، کە ڕۆڵی سەرەکیم تیایدا بەرجەستە دەکرد.

گوتیشی: کارە ھونەرییەکانی دراماکە کۆتاییان پێھاتووە و لە ماوەیەکی نزیکدا لە کەناڵێکی ئاسمانی کوردی پەخش دەکرێت.