ئۆلاڤ شۆڵتز بۆ ئه‌ردۆغان: خوازیارم بابه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كان به‌ره‌وپێش ببه‌ین

شۆڵتز و ئه‌ردۆغان
شۆڵتز و ئه‌ردۆغان

K24 - هەولێر:

راوێژكاری ئه‌ڵمانیا به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندیی به‌ ئه‌ردۆغانه‌وه‌ كرد و پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان لێكرد.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه، ئۆلاڤ شۆڵتز راوێژكاری ئه‌ڵمانیا، له‌ میانی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا، پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی له‌ ره‌جه‌ب ته‌یب‌ ئه‌ردۆغان كردووه‌ و هیوایخواستووه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ببێته‌ مایه‌ی خێر بۆ گه‌لی توركیا.

شۆڵتز هیوایخواستووه‌ له‌ قۆناغی نوێدا بابه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا به‌ره‌و پێش ببه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ ئه‌ردۆغان باوه‌ڕی خۆی نیشانداوه‌ به‌وه‌ی ده‌توانن هه‌نگاوگه‌لێك بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات بهاوێژن.  

دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن کە لە (14ـی ئایاری 2023)، بەڕێوەچوو، هیچ یەکێک کە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی نەیانتوانی دەنگی نیوەی زیاتری دەنگدەرانی وڵاتەکەیان بەدەستبهێنن، بۆیە بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی تورکیا بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، کەوتە گەڕی دووەم کە ئەمەش بووە یەکەم هەڵبژاردن لە مێژووی دروستبوونی کۆماری تورکیا بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات، پەنا بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن ببرێت.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 49.52%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.88%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

بەپێی رێژەی دەنگەکانی هەڵبژاردنیش لە گەڕی یەکەم کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 86.98%، رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، 27 ملیۆن و 133 هەزار 837 دەنگی بەدەستهێناوە، کەمال کڵچدارئۆغڵوش 24 ملیۆن و 594 هەزار و 932 دەنگی بەدەستهێناوە، دەنگەکانی سینان ئۆغانیش بریتییە لە دوو ملیۆن 831 هەزار و 208 دەنگ.