سبەی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە و ئەردۆغانیش ئامادەکاری بۆ رێورەسمی سوێندخواردن دەکات

"پێش سوێندخواردنی ئەردۆغان لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا دابەشبوون"
سەرکردەی لایەنەکانی هاوپەیمانی کۆمار
سەرکردەی لایەنەکانی هاوپەیمانی کۆمار

K24 – هەولێر:

دوای سەرکەوتنی ئەردۆغان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا دابەشبوون و لەیەکەم کاردانەوەشدا، ئیی پارتی کشانەوەی لە هاوپەیمانی میللـەت راگەیاند و دەمیرتاش وازهێنانی لە سیاسەت لە قۆناغی ئێستادا راگەیاند و ئەکرەم ئیمامئۆغڵوش هەڵمەتێکی بۆ شوێنگرتنەوەی کەمال کڵچدارئۆغڵو لە سەرۆکایەتی جەهەپە دەستپێکردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (1ـی حوزەیرانی 2023)، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی فەرمی و کۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیای ئاشکراکرد و رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار، 52.18%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت 47.82ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، 54 ملیۆن و 23 هەزار و 601 هاووڵاتی دەنگیان داوە و رێژەی بەشداریکردن 84.15% بووە.

لەبارەی ئەنجامەکانیشەوە، کۆی گشتی دەنگەکانی ئەردۆغان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن،  27 ملیۆن و 834 هەزار و 589 دەنگ بووە و لە بەرامبەردا، کڵچدارئۆغڵو 25 ملیۆن و 504 هەزار و 724 کەس دەنگی هێناوە. بە فەرمیش کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەنجامی کۆتایی پەسەندکرد و رەوانەی رۆژنامەی فەرمی دەوڵەتی کردووە بۆ بڵاوکردنەوە و چوونە بواری جێبەجێکردنەوە، کە خۆی لە سوێندنخواردنی سەرۆک کۆمار و راگەیاندنی کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا دەبینێتەوە لەلایەن سەرۆک کۆماری هەڵبژێدراوەوە، کەوا بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو رێورەسمی بۆ رێکبخرێت.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 49.52%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.88%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

بەپێی رێژەی دەنگەکانی هەڵبژاردنیش لە گەڕی یەکەم کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 86.98%، رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، 27 ملیۆن و 133 هەزار 837 دەنگی بەدەستهێنا، کەمال کڵچدارئۆغڵوش 24 ملیۆن و 594 هەزار و 932 دەنگی بەدەستهێنا، دەنگەکانی سینان ئۆغانیش بریتی بوو لە دوو ملیۆن 831 هەزار و 208 دەنگ.

600 پەرلەمانتاری تورکیا سوێندنی یاسایی دەخۆن

وابڕیارە سبەی هەینی (2ـی حوزەیرانی 2023)، خولی 28ـەمینی پەرلەمانی تورکیا دەستبەکارەکانی بکات و 600 پەرلەمانتاری نوێی ئەم خولە کە لە (14ـی ئایاری 2023) هەڵبژێردران، سوێندنی یاسایی بخۆن.

بەگوێرەی دەرئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت بڵاویکردووەتەوە، لیستی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) 268 کورسی بەدەستهێناوە، لیستی پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) 169 کورسی، پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) 61 کورسی،  پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) 50 کورسی، ئیی پارتی 43 کورسی، پارتی یەنیدەن رەفا پێنج کورسی و پارتی کرێکاری تورکیا چوار کورسییان بەدەستهێناوە.

هەرچەندە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا زۆربەی ئەو لایەنانە لە چەند هاوپەیمانییەتێک کۆبوونەوە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بە لیستی جیا و بەناوی پارتەکانیان بەشدارییان کرد، جگەلەوەی چەند پارتێک لەسەر لیستی پارتە گەورەکان، کاندیدەکانیان بەشداری کێبڕکێی هەڵبژاردنەکەیان کردبوو، لەوانە پارتەکانی وەک ئایندە و دەڤا و سەعادەت و دیموکرات لەسەر لیستی جەهەپە و هوداپاریش لەسەر لیستی ئاکپارتی بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردبوو.

بەهۆی ئەو ناکۆکیانەی ئێستا کەوتووەتە نێوان لایەنەکانی مێزی شەشقۆڵی بەهۆی شکستە مێژووییەکەیان لە بەرامبەر ئەردۆغان، هەروەها هەوڵەکانی لادانی کڵچدارئۆغڵو لە سەرۆکایەتی جەهەپە، چاوەڕێ دەکرێت کورسییەکانی جەهەپەش دابەش بێت و نوێنەرانی پارتەکانی دەرەوەی جەهەپە لەناو هاوپەیمانی میللـەت جیاببنەوە و بەمەش ژمارەی کورسییەکانی جەهەپە لەبەرامبەر ئاکپارتی زیاتر کەمبێتەوە و پارته‌كانی ده‌ڤا، ئایندە، سەعادەت و دیموکراتەکان هەوڵی دامەزراندنی هاوپەیمانییەکی نوێ دەدەن بۆ ئەوەی بتوانن فراکسیۆنێکی شیاو لە پەرلەمان پێکبهێنن .

بەگوێرەی ئامارەکانیش لە لیستی جەهەپە، پارتی ده‌ڤا 15 کورسی، پارتی ئایندە 10 کورسی، پارتی سەعادەت 10 کورسی، پارتی دیموکرات سێ کورسی و پارتی گۆڕانی تورکیاش یەک كورسییان لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاردا بەدەستهێناوه‌.

گۆڕانکارییەکانی پەرلەمانی تورکیا

یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی تورکیا بە سەرۆکایەتی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە وەک بە تەمەنترین پەرلەمانتار ئەنجامدەدرێت و چەند پارتێکی نوێش بۆ یەکەمینجارە نوێنەریان هەیە.

لە هەڵبژاردنی 14ـی ئاداری پەرلەمانی تورکیا، 15 پارتی سیاسیی توانییان لە خولی نوێ کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن، کە ژمارەیەکیان یەکەمین جارە دەگەنە پەرلەمان و سێ پارتی خولی پێشووش شکستیان هێنا لە شکاندنی بەربەستی یاسایی بۆ گەیشتن بە پەرلەمان.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن، سێ پارتی سیاسی خولی پێشوو نەیانتوانی لە هەڵبژاردنی 2023ـدا بەربەستی یاسایی (7%) تێپەڕێنن کە بریتین لە پارتی زەفەر، پارتی نوێکاری و پارتی یەکگرتووی گەورە.

هەروەها ئەو پارتە سیاسییە نوێیانەی توانییان مافی نوێنەرایەتیکردن بەدەستبێنن لە پەرلەمانی تورکیا، بریتین لە چەپی سەوز کە نوێنەرایەتی هەدەپە دەکات، پارتی یەنیدەن رەفا، پارتی داهاتوو، پارتی دەڤا، پارتی چەپی دیموکرات، هوداپار و پارتی گۆڕانکاری تورکیا.

بەگوێرەی یاساکانی تورکیا، هەر لایەنێک زیاتر لە 300 کورسی بەدەستبهێنێت، دەتوانێت پرۆژەیاسا پێشکەشی پەرلەمان بکات و رەزامەندی خۆی بە ئەرێنی و نەرێنی لەسەر بڕیارەکانی سەرۆک کۆمار دەرببڕێت بە پەسەندکردن یاخود رەتکردنەوە.

هاوکات هەر لایەنێک بگات بە 360 کورسی یان زیاتر، مافی ئەنجامدانی ریفراندۆمی دەبێت لەبارەی هەر بابەتێک کە پێویستییەتی. جیا لەوەش هەر لایەنێک 400 پەرلەمانتار یان زیاتری هەبێت لە پەرلەمان، دەتوانێت گۆڕانکاری لە دەستووردا بکات.

پەرلەمانی تورکیا لەم خولەدا لە 600 کوسی پێکهاتووە و بەسەر 87 بازنەی هەڵبژاردن لە 81 پارێزگاکەی تورکیا دابەشکراوە کە زۆرترین کورسی لە ئیستانبوڵ و ئەنقەرە و ئیزمیرە.

پرسی دەستلەکارکێشانەوەی کڵچدارئۆغڵو لە سەرۆکایەتیی جەهەپە

لە یەکەم لێدوانی رۆژنامەوانیدا لەدوای شکستەکەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، کەمال کڵچدارئۆغڵو رایگەیاند، هەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەسەندکردووە بەڵام ئەم ئەنجامە شەرعیەتی ئەخلاقیی نییە.

لەبارەی پرسی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتی پارتەکەی، کڵچدارئۆغڵو ئاماژەی بەوەکرد ئەو پرسە لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ناوەندیی جەهەپە هەڵسەنگاندن و گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن و بەشێوەی کۆمەڵ بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدەن.

لەلایەکی دیکەوە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی جەهەپە، ویستی وەرگرتنی سەرۆکایەتی پارتەکەی هەیە و لە پەیامێکدا رایگەیاندووە، "تەنیا گۆڕانکاری، گۆڕانکاری بەسەردا نایەت و هەموو شتێک لەسەرەتاوە دەستی پێکردووە".

ئەم پەیامەی ئیمامئۆغڵو، وەک سەرەتای هەڵمەتێک دەبیندرێت بۆ هەوڵدان بۆ لادانی کڵچدارئۆغڵو لە پۆستی سەرۆکایەتی جەهەپە و شوێنگرتنەوەی، دوابەدوای ئەو شکستەی لەبەرامبەر ئەردۆغاندا لە هەردوو گەڕی سەرۆکایەتی دووچاری بووەوە.

دەمیرتاش وازیهێنا و لۆمەی هەدەپەش دەکات

دوای ئەوەی سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە ئێستا لە زیندانە لە تویتێکدا رایگەیاند، لە زیندانەوە بەشداری لە خەباتی خۆی دەکات و لەم قۆناغەدا واز لە سیاسەت دێنێت، لە دوایین لێدوانیشیدا ئاشکرای دەکات، ویستویەتی ببێتە کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار، بەڵام هەدەپە داواکارییەکەی رەتکردەوە.

دەمیرتاش لەبارەی ویستی خۆکاندیدکردنیەوە رایگەیاند، هەدەپە بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێک بخاتەڕوو داواکارییەکەی رەتکردەوە و تا ئێستاش هۆکارەکەی نازانێت.

لە پەیامەکەی پێشتریدا دەمیرتاش دانیشی بەوەدانا، نەیانتوانیوە سیاسەتێک دابڕێژن کە شایەنی گەلەکەیان بێت و گوتی، "بەناوی خۆمەوە داوای لێبوردن دەکەم و سوپاسی سەرجەم ئەو رەخنە بنیاتنەرانە دەکەم کە ئاراستەم کراون".

بڕیارەکەی دەمیرتاش لەکاتێکدایە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە گوتاری سەرکەوتنیدا رایگەیاندبوو کە لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەودا هەرگیز سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد ناکرێت.

سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە 4ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2016، لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ و ژمارەیەک پەرلەمانتار و سەرکردەی دیکەی هەدەپە، بەتۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە، لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دەستگیرکران.

لە یەکەم کاردانەوەش دوای قسەکانی دەمیرتاش، ئێبرو گونای، گوتەبێژی هەدەپە لەبارەی کاندیدنەکردنی دەمیرتاش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە زیندانبووە، هەڵسەنگاندن بۆ پرسی کاندیدبوونی نەکراوە و ئاشکراشیکرد، دەمیرتاش پێشنیازی کردبوو کە ئافرەتێک بۆ ئەو هەڵبژاردنە کاندید بکرێت، بەبێ ئەوەی روونکردنەوە بدات بۆچی رای دەمیرتاشیان قبوڵ نەکردووە و پشتیوانییان لە کڵچدارئۆغڵو کرد.

ئیی پارتی لە هاوپەیمانی میللـەت کشایەوە

ئغور پۆزیار، ئەمینداری گشتی ئیی پارتی رایگەیاند، هاوپەیمانی میللـەت تەنها تایبەت بوو بە هەڵبژاردن و بە کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنیش ئەو هاوپەیمانییەتە کۆتایی هات.

 لە سەرەتای گفتوگۆکان لەسەر مێزی شەشقۆڵی لایەنەکانی هاوپەیمانی میللـەت ناکۆکی لەسەر کاندیدکردنی کڵچدارئۆغڵو دروستبوو،  تا رۆژی (3ـی ئاداری 2023)، مه‌راڵ ئاكشه‌نه‌ر، سه‌رۆكی ئیی پارتی دوای كۆبوونه‌وه‌ی گشتی پارته‌كه‌ی له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا كشانه‌وه‌ی خۆیان له‌ هاوپه‌یمانی میلله‌ت راگه‌یاند.

دوای سێ رۆژ لەو بڕیارە، لەژێر فشاردا ئاکشەنەر گەڕایەوە سەر مێزی شەشقۆڵی و رەزامەندیدا لەسەر کاندیدکردنی کلچدارئۆغڵو وەک کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا.

کشانەوەی ئیی پارتی لەو هاوپەیمانییەتە، دوای بەشداریکردنیشی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا جیاواز لە لایەنەکانی دیکەی ناو هاوپەیمانییەتەکە بە لیستی جیا، چاوەڕوانکراوبوو، بەمەش جارێکی دیکە بۆ ئەو پرۆژەیاسا و بڕیارانەی ئەردۆغان رەوانەی پەرلەمانی دەکات، لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەرچەندە نیوەی کەمتری دەنگەکانی پەرلەمانیان هەیە، پێویستیان بە رێککەوتنی دیکەیە بۆ دروستکردنی فشار لەسەر فراکسیۆنی زۆرینەی دەسەڵات کە ئاکپارتی و مەهەپە دەگرێتەوە.

هاوکات بۆ هەڵبژاردنەکانی شارەوانی تورکیاش، مەرال ئاکشەنەر، مەرجی زیاتری هەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بچێتەوە سەر مێزی شەشقۆڵی دابنیشێت، لەوانەش داوای شارەوانییەکانی ئەنقەرە و مێرسین و چەند شارێکی دیکەی گەورەی تورکیا دەکات.

ئومیت ئۆزداغ: رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ناگرم

ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زەفەر (سەرکەوتن) رایگەیاند، ناتوانێت پیرۆزبایی لە ئەردۆغان بکات بەبۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و ئەو بە دەنگی بیانییەکان بووەوە بە سەرۆک کۆمار، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی دەنگەکانی کڵچدارئۆ‌غڵو، سەرجەمیان دەنگی تورکەکان.

 ئۆزداغ لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە هاوپەیمانی ئاتا، پشتیوانییان لە سینان ئۆغان کرد و لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنیشدا، دوای ئەوەی سینان ئۆغان پشتگیری بۆ ئەردۆغان راگەیاند، ئۆزداغ‌ لەگەڵ کڵچدارئۆغڵو رێککەوتنێکی واژووکرد و لە گەڕی دووەمدا پشتیوانییان لێکرد.

سەرۆکی پارتی زەفەر ئاماژەی بەوەشکردووە، "رێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناگرم و رێز لە بڕیاری میللـەتیش ناگرم کە بڕیاریاندا تورکیا بەرەو شەڕی ناوخۆیی بچێت".