وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: رووسیا دوژمنی ئێمه نییه و هەوڵی لەناوبردنی نادەین

K24 - هەولێر:

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، رایگەیاند، ئەمریکا دوژمنی رووسیا نییە و واشنتۆن هەوڵی لەناوبردنی ئەم وڵاتە نادات.

ئەمڕۆ هەینی (2ـی حوزەیرانی 2023)، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە وتارێکدا بۆ دەسەڵاتدارانی سیاسی فینلاند لە هێلسێنکی پایتەخت گوتی: "ئەمەریکا شەڕی ساردی نوێ لەگەڵ رووسیا ناخوازێت و رووسیا بە دوژمن نازانێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمەریکا هەوڵی لەناوبردنی رووسیا یان رووخاندنی رژێمەکەی نادات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا رووسیایەکی ئاوەدان لەخۆدەگرێت".

بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، "رووسیا دەتوانێت ئێستا کۆتایی بە دوژمنایەتییەکانی ئۆکرانیا بهێنێت ئەگەر بیەوێت، لەکاتێکدا ئۆکرانیا هەرگیز نابێتە بەشێک لە خاکی رووسیا".

باسی لەوەشکرد، ئەمریکا پاڵپشتی هەموو ئەو هەوڵانە دەکات کە دەبنە هۆی "ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام" لە ئۆکرانیا.

بە بڕوای بلینکن، پێویستە جیهان رێز لە بنەما دامەزرێنەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بگرێت و رێز لە بنەماکانی سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاک بگرێت.