پەیامێک لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ قوتابیانی پۆلی 12

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، هیوای سەرکەوتن بۆ قوتابیان دەخوازێت و رایگەیاند، لە هەر بوارێکدا بێت كوردستانێكی به‌هێزتر پێویستی پێتانە‌ و باوەڕم بە تواناکانتانە.

ئەمڕۆ شەممە (3ـی حوزەیرانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا کە لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، تێیدا هاتووە، "له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی تاقیكردنه‌وەی پۆلی 12ی ئاماده‌یی، هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ قوتابیان ده‌خوازم و داواکارم خێزان و مامۆستایان، هاوکاربن لە ئارامیی ده‌روونیان".

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، "قوتابیانی خۆشەویست، لە هەر بوارێکدا بێت كوردستانێكی به‌هێزتر پێویستی پێتانە‌ و باوەڕم بە تواناکانتانە".

ئەمڕۆ شەممە (3ـی حوزەیرانی 2023) بە بەشداری 117 هەزار و 364 قوتابی، تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەگشت لقەکانییەوە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا 27ـی حوزەیرانی 2023 بەردەوام دەبێت.

کە زۆرترین ژمارەیان لە پەروەردەکانی پارێزگای هەولێرە، 38 هەزار و 626 قوتابین، دوای ئەویش پەروەردەکانی پارێزگای سلێمانی دێن بە 26 هەزار و 384 قوتابی، لە دهۆکیش 26 هەزار و 202 قوتابی و لە پارێزگای هەڵەبجەش هەزار و 839 قوتابین، لەسەر ئاستی ئیدارەی سەربەخۆکانیش، لە سۆران حەوت هەزار و 98 قوتابی، لە زاخۆ شەش هەزار و 196 قوتابی، لە راپەڕین پێنج هەزار و 829 قوتابی و لە گەرمیان پێنج هەزار و 190 قوتابی تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدەن.

هاوکات بۆ تاقیکردنەوەکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، دوو هەزار و 106 هۆڵی تاقیکردنەوە ئامادەکراوە کە لەلایەن 11 لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەوە سەرپەرشتی دەکرێن و لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش 40 لیژنەت تاقیکردەوە و لەسەر ئاستی شارۆچکەکانیش 114 لیژنەی تاقیکردنەوە سەرپەرشتی تاقیکردنەوەکان دەکەن کە لە هەزار و 570 سەرپەرشتیار پێکهاتوون.