لوقمان سەعید: ئەمساڵ رێکارەکانمان بۆ رێگریکردن لە گزیکردن توندتر کردووە

لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێ
لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێ

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر، رایگەیاند، ئەمساڵ بەروارد بە ساڵانی پێشوو رێکارەکانمان توندتر کردووە بۆ رێگریکردن لە گزیکردن. هاوکات جەختی لەوەکردەوە، کە پێویستە قوتابیان هۆشیاربن، بڕوا بەو باندانە نەکەن کە هەوڵی فرۆشتنی پرسیار و ئامێرەکانی گزیکردن دەدەن.

لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، ئەو رێکارانەی کە گیراونەتەبەر بۆ ئەوەیە قوتابی زیاتر تێبگات و گرنگی بە خوێندنی خۆی بدات و هەوڵبدات لە رێگەی خوێندن خۆی پێبگەیەنێت، پەنا نەباتە بەر گزیکردن.

هەروەها راشیگەیاند، داوا لە قوتابیان دەکەم پێویستە هۆشیاربن بڕوا بەو باندانە نەکەن کە هەوڵدەدەن قوتابیان هەڵخەڵەتێنن و پرسیارەکانی تاقیکردنەوە و ئامێرەکانی گزیکردنیان پێبفرۆشنەوە.

لوقمان سەعید، ئاماژەی بەوەدا، پێوسیتە قوتابیان بە هەوڵ و کۆششی خۆییان داهاتوی خۆیان دروستبکەن، پەنا نەبەنە بەر رێگاکانی گزیکردن.

باسی لەوەشکرد، لە یاسای وەزارەتی پەروەردە لە ماددەی 83 هاتووە، ئەوەی پەنا بباتە بەر گزیکردن رێکاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

لەبارەی کردنەوەی خول بۆ مامۆستەکان لە قوتابخانەکان، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر، گوتی: "چەندین خولمان لە قوتابخانەکان بۆ مامۆستاکان کردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەدای وانە گوتنەوەیان بەربزبێتەوە".

گوتیشی: "لە ساڵی ئایندەشدا خولەکانمان بۆ مامۆستایان بەردەوامدەبێت، هەروەها خولەکانمان مامۆستایانی قوتابخانە ناحکومیەکانیش دەگرێتەوە".

ئەمڕۆ شەممە (3ـی حوزەیرانی 2023) بە بەشداری 117 هەزار و 364 قوتابی، تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەگشت لقەکانییەوە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا 27ـی حوزەیرانی 2023 بەردەوام دەبێت.

کە زۆرترین ژمارەیان لە پەروەردەکانی پارێزگای هەولێرە، 38 هەزار و 626 قوتابین، دوای ئەویش پەروەردەکانی پارێزگای سلێمانی دێن بە 26 هەزار و 384 قوتابی، لە دهۆکیش 26 هەزار و 202 قوتابی و لە پارێزگای هەڵەبجەش هەزار و 839 قوتابین، لەسەر ئاستی ئیدارەی سەربەخۆکانیش، لە سۆران حەوت هەزار و 98 قوتابی، لە زاخۆ شەش هەزار و 196 قوتابی، لە راپەڕین پێنج هەزار و 829 قوتابی و لە گەرمیان پێنج هەزار و 190 قوتابی تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدەن.

هاوکات بۆ تاقیکردنەوەکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، دوو هەزار و 106 هۆڵی تاقیکردنەوە ئامادەکراوە کە لەلایەن 11 لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەوە سەرپەرشتی دەکرێن و لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش 40 لیژنەت تاقیکردەوە و لەسەر ئاستی شارۆچکەکانیش 114 لیژنەی تاقیکردنەوە سەرپەرشتی تاقیکردنەوەکان دەکەن کە لە هەزار و 570 سەرپەرشتیار پێکهاتوون.