رزگار ئەمین لە شانۆگەریی "حەوت" دەردەکەوێتەوە
K24 - هەولێر:
رزگار ئەمین، شانۆکار و میدیاکار، ئەمجارەیان جیاواز لە کارەکانی پێشوویدا لەگەڵ گرووپێکی گەنج لە سلێمانی سەرقاڵی مەشق و راهێنانە بۆ پێشکەشکردنی نمایشی شانۆگەرییەکی نوێ بەناونیشانی "حەوت"، بڕیاریشە لە مانگی حوزەیراندا نمایش بکرێت.ر
رزگار ئەمین بە ستایلە جیاوازەکەی لە بزووتنەوەی هونەردا بە "داریوش"ـی کوردی ناسراوە، لە بارەی کارە هونەرییەکەشییەوە بە کوردستان 24ـی راگەیاند: "زیاتر لەکاری شەقام و هەڵوێست وەرگرتن لە رووداوەکانی رۆژ، کە بەرکەوتنی راستەوخۆم هەیه، هەڵبەت ئەمجۆرە کارانە کەمتر خەڵک دەبینێت و نمایش درێژەی نابێت وەک ئەوەی تۆ نمایشێک بکەیت، کە چەند مانگێک لەپڕۆڤەیدا بیت و راگەیاندن و سۆشیال میدیای بخەیتە خزمەتیەوە".
هەروەها راشیگەیاند، "دیارە لە ئەزموونەکەی مندا بەهۆی کەمبینینەوە بێ چالاکی و ونبوونی منی لێدەکەوێتەوە و بەپێچەوانەشەوە ئەزموونەکەی دیکە بەرچاوان و بینراو دەبێت، بۆ نموونە بەردەوامیشم من نمایشی شەقامم هەیە بۆ خۆڕاگری، نمایشی تایبەتی ناو ئاوم کردوە لە سلێمانی و هەڵەبجە بۆ قوربانیانی دەریای ئیجە دواکاریشم نمایشی یاران بێدەنگ دا مەنیشن بوو بۆ ژینا ئەمینی خودان شۆڕش بوو، بە درووشمی ژن ژیان ئازادی لە فیستیڤاڵی شانۆی شەقام لە کەرکوک نمایشکرا."
ئەو شانۆکارە باسی لەوەشکرد، ئەگەر بپرسیت بۆ لەم ئەزمونەدا خۆم قەتیس کردووە، دەڵێم: "کاتێک باری ئابووری و گوزەران جێگیر نەبێت، ناکرێت تۆ دوو بۆ سێ مانگ لە هۆڵدا بیت، لەسەر دەرهێنەرە رۆژەکانی راهێنان کەش و حاڵەتێکی شادانە بۆ ستافەکەی بخوڵقێنێت، کە سەرنجی ستافەکە هەمووی لە خولگەی خۆشەویستی کارەکەو داهێنان و خۆپێشخستن بسوڕێتەوە، ئەی ئەگەر دەرهێنەر لە نیگەرانی و ناجێگیری دەروونی و ئابوری بێت چۆن لەتوانایدا دەبێت ئەو کەشە دروست بکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ گەنجترین گروپی شار وەک ئەکتەر بەشدارم لەشانۆگەریی "حەوت"، کە بڕیارە لە مانگی حوزەیراندا نمایشبکرێت، "زۆر ئەزموونێکی دڵخۆشیە بۆ من چونکە لەگەڵ هەموو جوڵە و بەرەوپێشچوونێکی رۆژانی راهێنانە، سەرەتای چونە دنیای شانۆی خۆم دێتەوە پێش چاو، بەهیوای ئەوەی نمایشەکە رەزامەندی بینەران بەدەستبهێنێت."