جووتیارانی کەرکووک بۆ دامودەزگاکان: ناچارمان مەکەن لە دژتان بوەستینەوە

K24 – کەرکووک

جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک دژی رێگرییەکانی سوپای عێراق لە دروێنەی گەنم و بەردەوامی تەعریب، خۆپیشاندانیان کرد و داوا دەکەن کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.

ئەمڕۆ 4/6/2023، جووتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری کەرکووک لە خۆپیشاندانێکدا داوایانکرد ئەو زوڵمەی بەرامبەریان دەکرێت رابگیرێت.

لە جووتیارانی کورد و تورکمان لە یاداشتێکدا باسیان لەوەکرد بە بڕیاری قیادە سەورەی سەردەمی رژێمی بەعس مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، داوا دادگای باڵا و حکومەتی عێراق و دامەزراوەکانی شارەکە کرد، لە هەر بڕیارێک لەبارەی زەوی و زاری ئەو شارە پرس و راوێژیان پێبکرێت، دەشڵێن: ئەوانەی ئێستا بڕیار دەدەن نوێنەری ئێمە نین، با خۆمان بڕیار لەسەر زەوی و زاری خۆمان بدەین و نەگەین بەو رۆژەی لە دژتان بوەستینەوە".

لە بەشێکی یاداشتەکەدا هاتووە: "40 ساڵ لەمەوبەر زەوییەکانمان بە بڕیارێکی رژێمی بەعسی لەناوچوو دەستیان بەسەردا گیراوە، زەوییەکانمان دابەشکراون بەسەر هەندێک خەڵکی تر تەنانەت بەشێک لەوانەی هێنراونەتە سەر زەوییەکانمان خەڵکی ئێرە نین و لە شوێنی تر هێنراون، هەموو ئەوانەی کراوە لەژێر ناوی بەرژەوەندی گشتی کراوە".

داواش دەکەن، هەر بڕیارێک لەسەردەمی رژێمی بەعس دراوە دەبێ هەڵبوەشێنرێتەوە.