حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستەمێکی نوێی دیجیتاڵی راگەیاند

بڵند محەمەد، بەرێوبەری گشتی تۆماری کۆمپانیاکان
بڵند محەمەد، بەرێوبەری گشتی تۆماری کۆمپانیاکان

K24 - هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی ئاسانکارى، کەمکردنەوەى بارگرانیى دارایی و خێرایی لە راییکردنى کارەکان، پڕۆسەی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان بە دیجیتاڵی دەکات و لەمەودوا هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەى پۆرتاڵێکی ئۆنلاینەوە (business.digital.gov.krd) داواکاری پێشکەش بکەن.

لە رێگەی ئەم سیستەمە نوێیەوە، لە هەر کات و شوێنێک بیت، دەتوانن بە ئاسانی و خێرایی و پارێزراوی، داواکاراییەكانی تایبەت بە تۆمارە بازرگانییەکانیان پێشکەش بکەن. بەمەش "ژمارەى یەکەی بێهاوتا" دەدرێتە هەر کۆمپانیایەکى تۆمارکراو تا بە ئاسانى سوود لە خزمەتگوزارییەکانی دیکەى حکومەت وەربگرن.

ئەم دەستپێشخەرییە هەوڵێکی هاوبەشی نێوان پەرلەمانی کوردستان و نوسینگەی سەرۆک وەزیران، نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری بووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی حوزەیرانی 2023، بڵند محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆمپانیا کۆنەکان دووبارە تۆمار ناکرێنەوە، یەک لە تایبەتمەندیەکانی ئەو سیستەمە پرۆسەی دووبارە ناساندنەوەی کۆمپانیاکان لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیای شارەکان ئەنجام دەدرێت، هەر کۆمپانیایەک نیازی هەبێت خۆی نوێ بکاتەوە، دەبێت بەڕێوەبەری رێپێدراوەکەی ژمارەی یەکەی کەسی بێ هاوتای هەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکێک لە گرنگییەکانی سیستەمەکە، دروستکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، تۆمارکردنی زانیارییەکان هەمووی لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری کۆ دەکرێتەوە، ئەمە وەکو سیستەمە کۆنەکان بەکرێ نەگیراوە لە وڵاتی دوبەی، ئەمە سیستەمێکی تەواو نیشتیمانییە. ئەمەش وادەکات زانیاریەکان لەلایەن حکومەتەوە پارێزراو بێت نەک لەلایەن کۆمپانیاکانی دەرەوە."

بڵند محەمەد گوتیشی: "هەر بیانییەک بیەوێت کۆمپانیای نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنێت، دەتوانێت لە سەدا سەد پشکەکانی بەناوی خۆیەوە بکات. ئێستا نزیکەی سێ هەزار و 600 کۆمپانیای بیانی و زیاتر لە 33 هەزار کۆمپانیای خۆماڵیش لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون."

وەکو ئەوەی بڵند محەممەد باسی کرد، "هەر کەسێک دەتوانێت هەر ناوێک لە بزاڤە بازرگانیەکەیان بنێت، بە مەرجێک پێچەوانەی دابونەریتی گشتی نەبێت، هەروەها تێچووی دامەزراندنی هەرکۆمپانیایەک لەدوای مانگی 10ـەوە، %85 دێتە خوارەوە".