لە رووسیا بە درۆن هێرشکرایە سەر وێستگەیەکی سوتەمەنی

K24 – هەولێر

لەناو خاکی رووسیا بە درۆن هێرشکرایە سەر وێستگەیەکی سوتەمەنی و بووەتە هۆی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە وێستگەکەدا.

ڤیاچسلاڤ گلادۆڤ، فەرمانداری هەرێمی بیلگۆرۆدی رووسیا رایگەیاند، بە درۆن هێرشکراوەتەسەر وێستگەیەکی سوتەمەنی لەهەرێمەکە و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە.

راشیگەیاند، هێرشەکە لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراو بووە، کە بووەتە هۆی تەقینەوە و دروستبوونی ئاگر لە وێستگەیەکی سوتەمەنی.

ڤیاچسلاڤ گلادۆڤ باسی لەوەشکرد، بە درێژای شەوی رابردوو بۆردوومان لەسەر هەردوو ناوچەی شیبینکۆ و ڤۆلۆکۆنۆڤسکی لە هەرێمی بیلگۆرۆد بەردەوام بووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەرپرسانی هەرێمەکە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا داوایان لە بەشێک لە دانیشتووانی بیلگۆرۆد کردووە، لەپێناو پارێزراوی خۆیان ناوچەکانیان بەجێبهێڵن.