وەزارەتی خوێندنی باڵا: بۆ ساڵی نوێ زۆرترین دەرفەتی خوێندن بۆ دەرچووانى ئامادەیى دەرەخسێنین

کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای وەرگرتنی وەزارەتی خوێندنی باڵا
کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای وەرگرتنی وەزارەتی خوێندنی باڵا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێی شێواز و پلانەکانى وەرگرتن، گواستنەوە و دابەزینى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى نوێى خوێندن کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە (6ـی حوزەیرانی 2023) لیژنەی باڵای وەرگرتنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ و بەڕێوەبەرى تۆمارى سەرجەم زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە و پلان و بەرنامەکانى وەزارەت تایبەت بە وەرگرتنى خوێندکاران و گواستنەوە و دابەزین بۆ ساڵى خوێندنى (2023-2024) گفتوگۆى لەبارەوە کرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر رەخساندنی زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچوانى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان کراوەتەوە و  پاڵپشتی وەزارەتیش بۆ پاڵپشتى زانکۆکان کراوەتەوە، بە رەچاوکردنى کوالێتى خوێندن و جێبەجێکردنى پلانێکى تۆکمە.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى شێواز و بابەتەکانى تایبەت بە وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵى نوێى خوێندن کراو بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە (3ـی حوزەیرانی 2023) بە بەشداری 117 هەزار و 364 قوتابی، تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەگشت لقەکانییەوە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا 27ـی حوزەیرانی 2023 بەردەوام دەبێت.

کە زۆرترین ژمارەیان لە پەروەردەکانی پارێزگای هەولێرە، 38 هەزار و 626 قوتابین، دوای ئەویش پەروەردەکانی پارێزگای سلێمانی دێن بە 26 هەزار و 384 قوتابی، لە دهۆکیش 26 هەزار و 202 قوتابی و لە پارێزگای هەڵەبجەش هەزار و 839 قوتابین، لەسەر ئاستی ئیدارەی سەربەخۆکانیش، لە سۆران حەوت هەزار و 98 قوتابی، لە زاخۆ شەش هەزار و 196 قوتابی، لە راپەڕین پێنج هەزار و 829 قوتابی و لە گەرمیان پێنج هەزار و 190 قوتابی تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدەن.

هاوکات بۆ تاقیکردنەوەکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، دوو هەزار و 106 هۆڵی تاقیکردنەوە ئامادەکراوە کە لەلایەن 11 لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەوە سەرپەرشتی دەکرێن و لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش 40 لیژنەت تاقیکردەوە و لەسەر ئاستی شارۆچکەکانیش 114 لیژنەی تاقیکردنەوە سەرپەرشتی تاقیکردنەوەکان دەکەن کە لە هەزار و 570 سەرپەرشتیار پێکهاتوون.