هەڵەبجە و گەرنیکای ئیسپانی دەبنە دەستەخوشک

هەڵەبجە و گەرنیکا
هەڵەبجە و گەرنیکا

K24 – هەولێر:

کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، رایگەیاند، هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئیسپانیا کار بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان دەکەن. هاوکات راشیگەیاند، هەڵەبجە و گەرنیکای ئیسپانی دەبنە دەستەخوشک.

ئەمڕۆ سێشەممە (6ــی حوزەیرانی 2023)، ئایدن ئۆستان، کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاوادانکردنەوە دەکات، بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانییان بۆ ئەوروپا.

هەروەها راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە زۆر بواری دیکەدا هەناردەی بۆ دەرەوەی وڵات هەبێت، بە تایبەت بۆ وڵاتی ئیسپانیا، کە وڵاتێکە خۆی لە رووی بەرەوبوومی کشتووکاڵیەوە بەهێزە.

کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، گوتیشی : "ئێمە لە هەوڵداین و زانیاری لە وەزارەتی کشتوکاڵەوە وەردەگرین، تا بزانین چۆن هەناردەی کشتوکاڵی بۆ ئیسپانیا دەستپێبکەین".

ئایدن ئۆستان، لە بارەی دەستەخوشکبوونی شاری هەڵەبجە و گەرنیکای ئیسپانیا، رایگەیاند، گەرنیکا و هەڵەبجە لە بواری کلتور دەیانەوێت ببنە دەستەخوشک، کە شارێکە لە هەرێمی باسکی ئیسپانیا، هاوشێوەی هەڵەبجە بۆردومانکراوە، ئەمەش دەبێتە دەرفەتێک بۆ پەیوەندی نێوان ئەم دوو شارە.

لەبارەی دروستکردنی پەیوەندی وەرزشی لە نێوان هەردوولا، ئایدن ئۆستان، گوتی: "چەند دیدارێکمان لەگەڵ یانەکانی ئیسپانیا، ریال مەدرید، بارسیلۆنا و ئەتلەتیکۆ مەدرید، ئەنجامداوە". هەروەها گوتیشی:  "لە ئێستادا یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید رەزامەندی نیشانداوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەیانەوێت قوتابخانە وەرشیەکانیان لە هەرێمی کوردستاندا بکەنەوە، بڕیارە چوار قوتابخانە بکەنەوە و گرێبەشتەکانیش بۆ سێ ساڵ بێت".

لە رووی کلتوریشەوە، ئایدن ئۆستان، رایگەیاند، "لە رووی کلتوریش لە رێگەی نوێنەرایەتییەکان لە هەر وڵاتێک، دەمانەوێت ساڵانە هەفتەی کوردیمان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین هەموو بابەتە کولتورییەکانی کوردی میوزیک، شانۆ، جلوبەرگ و سینەما بە شێوەکی گشتی پێشکەش بکەین".