باوک و کوڕێك لە قوتابخانەیەکی ئەمەریکا بە دەستڕێژی گوللـە کوژران

K24 - هەولێر:

پۆلیسی ویلایەتی ڤێرجینیا بڵاویکردەوە، لە رووداوێکی تەقەکردندا لە یەکێک لە قوتابخانە ئامادەییەکانی شاری ریچمۆند دوو کەس کوژران.

پۆلیسی ویلایەتی ڤێرجینیا بڵاویشیکردەوە، رووداوەکە لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابییانی یەکێک لە ئامادەییەکانی ریچمۆند روویداوە ، کاتێک، گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ دەستڕێژی گوللـەی لە قوتابخانەکە کردووە.

باسی لەوەشکرد، ئەو دوو کەسەی کوژراون کوڕ و باوکن و بەشداری ئاهەنگەکە بوون.

پۆلیسی ڤێرجینیا ئاماژەی بەوەشدا، تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە و لەکاتی دەستگیرکردنیدا چوار دەمانچەی پێبووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە هەژماری تویتەری ئەرشیفی رووداوەکانی تەقەکردن (GVA) کە رووداوەکانی توندوتیژیی چەکداری لە ئەمەریکا ئەرشیف دەکات بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاکامی رووداوەکانی تەقەکردنەوە لە سەری ساڵەوە تاوەکو ئێستا کوژراون  10 هەزار و 500 کەسی تێپەڕاندووە.