قەرەنی جەمیل تابلۆ نوێیەکانی نمایش کرد

K24 - هەولێر

لە ئەزموونێکی نوێ دا، هونەرمەندی شێوەکار قەرەنی جەمیل، گوڵبژێرێک بە تابلۆ جوانەکانی و لە پێشانگایەکی تایبەت، لە گەلەریی میدیا نمایش کرد.

لە پێشانگا هونەرییەکەدا، چەند تابلۆیەکی رەنگین، کە گوزارشت بوون لە سرووشت و کارەساتە تراژیدییەکانی گەلی کورد، چمکی پێکەوە ژیان لە هەرێمی کوردستان، قوربانیدانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان و مێژوویی هاوبەشی نێوان کورد و مەسیح و ئاشوورییەکان. هاوکات گێڕانەوەی مێژووێک بوو لە کۆمەڵکوژی کورد و ئەنفال و بێ لانە بوونی ناوچە کوردنشینەکان لە چوار پارچەی کوردستان.

قەرەنی جەمیل لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، تابلۆکانی لە زمانی هونەردا، خەڵک بە تراژیدیا و جینۆساید و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردبوون ئاشنا دەکەن، هەروەها دیوی دووەمی تابلۆکان نیشاندانی سرووشتە جوانەکانی کوردستانە، کە وێڕای تۆمارکردنی داستانە یەک لە دوا یەکەکان هێشتا هەر جوانییەکانی خۆیان لە دەست نەداوە.