بڕیار رەشید: فراکسیۆنە کوردییەکان لەبارەی بودجە لە کۆبوونەوەدان

"پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە درێژە دەخایەنێت"
بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی
بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی ئاشکرایکرد سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەدان بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لە پرسی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، پەسەندکردنی پرۆژەیاساکە درێژە دەکێشێت.

بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە کوردستان24 راگەیاند، فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ لە کۆبوونەوەدان و هەوڵی دروستکردنی کۆدەنگی لایەنە کوردییەکان دەدەن بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە.

وابڕیارە ئەمشەو پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) کۆبێتەوە و ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراقیش روونیکردەوە، پرۆژەیاسای بودجە کە گەورەترین پرۆژەیاسای بودجەیە لە مێژووی عێراقدا، ئاساییە مشتومڕی زۆری لایەنە سیاسییەکانی لەسەر بێت و بۆ پەسەندکردنی تەواوی پرۆژەیاساکەش درێژە بکێشێت.

هاوکات بڕیار رەشید روونیکردەوە، لە دەرەوەی پەرلەمانی عێراقیش چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجامدراوە بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق و کۆبوونەوەیەکیش لە ماڵی حەلبووسی بە ئامادەبوونی نوێنەری سوودانی کراوە وەک هەوڵی سەرجەم لایەنەکان بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە.

رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان کە یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، ئەگەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە ئەنجامدرابوو، وەک خۆی بمێنێتەوە ئەوا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە نادەن.

رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

هەروەها بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دواتر و درەنگانی شەوی دووشەممە کۆتاییهات.

لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.