نوێترین زانیارییه‌كان له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی په‌سندكردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه
K24 – هەولێر:
بڕیاره ئه‌مشه‌و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌باره‌ت به ده‌نگدان به پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵانی 2023، 2024 و 2025، ئه‌نجام بدرێت، هاوكات په‌یامنێری كوردستان24 رایده‌گه‌یه‌نێت، لایه‌نه كوردییه‌كان به‌تایبه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان رێككه‌وتوون له‌ناو لیژنه‌ی دارایی و له په‌رله‌مان یه‌ك ده‌نگ بن.
شڤان جه‌باری، په‌یامنێری كوردستان24 له‌ناو هۆڵی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، لێكتێگه‌یشتنێكی زیاتر له‌نێوان فراكسیۆنه جیاوازه‌كان هه‌یه و بڕیاریشه كۆبوونه‌وه‌كه به‌ڕێوه‌بچێت، به‌تایبه‌تی كه لایه‌نه سیاسییه‌كان زۆربه‌یان رێككه‌وتوون، گوتیشی، هه‌ندێك له په‌رله‌مانتاران كه گوێڕایه‌ڵی فراكسیۆنه‌كانیان نین، هۆكاری سه‌ره‌كی دواخستنی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانن.
شڤان جه‌باری ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، تا ئێسته لیژنه‌ی دارایی له‌ناو په‌رله‌مان كۆنه‌بووه‌ته‌وه، هاوكات روونیكرده‌وه، به‌شێك له لایه‌نه سیاسییه‌كانیش گه‌یشتوونه‌ته ناو په‌رله‌مان بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه، سه‌رنجی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ش، كه محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌گه‌ڵ جێگره‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان له كۆبوونه‌وه‌دایه.
جه‌ختیشیكرده‌وه، ته‌نانه‌ت له‌ناو لایه‌نه شیعه‌كانیش ناكۆكی هه‌یه و ده‌یانه‌وێ پشكی پارێزگا شیعییه‌كان زیاد بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه له‌لایه‌ن حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی دارایش ره‌تكراوه‌ته‌وه، سوننه‌كانیش له به‌رامبه‌ردا هه‌مان هه‌وڵیان هه‌یه.
دووپاتیشكرده‌وه، كورد رێككه‌وتن له‌ناو لیژنه‌ی دارایی و له‌ناو په‌رله‌مان ناكۆك نه‌بن، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی باشه و بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه كوردییه‌كان تۆمه‌تبار نه‌كرێن به دواخستنی كۆبوونه‌وه‌كه و هاوكات دروستبوونی یه‌كڕیزی نێوانیشیانه، به‌شێوه‌یه‌ك پارتی و یه‌كێتی و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ به ته‌واوه‌تی رێكه‌وتوون، كه یه‌ك ده‌نگ ده‌بن. گوتیشی، ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت به‌ڵێنی به كورد به‌تایبه‌تی به پارتی دیموكراتی كوردستان داوه به‌و جۆره پڕۆژه‌كه تێده‌په‌ڕێندرێت، كه له به‌رژه‌وه‌ندی كورددا بێ و ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان پارێزراو بێت.
باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌و ره‌شنووسه‌ی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه، چاره‌سه‌ر كراون و به شێوازێكی نوێ گه‌یشتووه‌ته ده‌ست لیژنه‌ی دارایی و بڕگه به بڕگه ده‌خوێندرێته‌وه. گوتیشی، بڕیاره حه‌لبووسی كه‌مێكی دیكه دبچێته ناو كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی، كه ئێستا كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌كه له‌لایه‌ن موحسین مه‌نده‌لاوی جێگری یه‌كه‌م سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت.
شڤان جه‌باری لێدوانی له سیپان شێروانی، په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌رگرت و رایگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی ده‌ستیپێكردووه. گوتیشی، كێشه‌كانی ناو ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه هه‌ر په‌یوه‌ندییان به هه‌رێمی كوردستانه‌وه نییه، به‌ڵكوو له‌ناو خودی شیعه‌كان و سوننه‌كانیش ئه‌و كێشانه هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك، شیعه‌كان هه‌وڵ راكێشانی پشكی زیاتر ده‌ده‌ن بۆ پارێزگا شیعییه‌كان له‌سه‌ر حیسابی سوننه‌كان، له به‌رامبه‌ردا سوننه‌كان رازی نین. روونیشكرده‌وه، كه لایه‌نه شیعه‌كان سه‌باره‌ت به بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌كان پێیان وایه وه‌كو پێویست نییه و داوایان له حكومه‌ت كردووه زیاد بكرێت.
جه‌ختیشیكرده‌وه، كه لێكتێگه‌یشتنی باش له‌نێوان فراكسیۆنه كوردییه‌كان هه‌یه، به‌ڵام نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتنی كۆتایی و له كۆبوونه‌وه‌دان. گوتیشی، خاڵی ناكۆكی ناو فراكسیۆنه كوردییه‌كان په‌یوه‌سته به پرسی پاشه‌كه‌وت و جیاكردنه‌وه‌ی پارێزگایه‌كی هه‌رێمی كوردستان له پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان. روونیشیكرده‌وه، له پرسی پاشه‌كه‌وتدا نه‌وه‌ی نوێ موزایه‌ده‌كی راده‌به‌ده‌ر به‌و بابه‌ته ده‌كات، هاوكات له پرسی جیاكردنه‌وه‌ی پارێزگایه‌كی هه‌رێمیش پارتی و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ نین، له‌و پرسه‌دا یه‌كێتی به ته‌نیایه و به‌ڵام هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ناكۆكییه‌ش له ئارادایه. جه‌ختیشیكرده‌وه، ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له پڕۆژه‌یاساكه‌دا كراوه، هه‌ڕه‌شه‌ی جیددین بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و مه‌ترسییه‌كانی كاریگه‌ر ده‌بن.
جوان عه‌بدوڵڵا، په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ناو هۆڵی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به ئاكام فه‌همی، په‌یامنێری كوردستان24ـی راگه‌یاند، له ئێستادا لیژنه‌ی دارایی له كۆبوونه‌وه‌یه و ڕه‌شنووسه‌كه‌یان له‌به‌رده‌م بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی پێ بده‌ن، گوتیشی، تا ئێستا رێككه‌وتنی سیاسی نه‌كراوه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ به پڕۆژه‌كه بدرێت، گوتیشی، ئه‌وه‌ی گرینگه تا ئێستا شیعه‌كان و سوننه‌كانیش كێشه‌یان هه‌یه.
هه‌روه‌ها ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی پێشبینی كرد، چه‌ند كاتژمێرێكی دیكه كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی بخایه‌نێت، گوتیشی، باشتر وایه ئه‌مشه‌و كۆبوونه‌وه‌كه بكرێت و ده‌نگ به پڕۆژه‌یاساكه بدرێت، روونیشكرده‌وه، هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه كه هه‌ر چۆنێك بێت، ئه‌مشه‌و پڕۆژه‌كه په‌سند بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی دانیشتنه‌كه نه‌كه‌وێته سبه‌ی.