پەرلەمانتارێکی پارتی: سوورین لەسەر زیادکردنی له‌سه‌دا 10ـی پاشەکەوتی مووچه‌

"داخوازییەکانمان جێبەجێ نەکرێن دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە نادەین"
خالید رێکانی پەرلەمانتاری پارتی
خالید رێکانی پەرلەمانتاری پارتی

K24 - ھەولێر:

پەرلەمانتارێکی پارتی رایده‌گه‌یه‌نێت، سوورین له‌سه‌ر زیادكردنی رێژه‌ی له‌سه‌دای 10ـی پاشه‌كه‌وتی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان.

خالید رێکانی پەرلەمانتاری پارتی لە لێژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەگەر ماددەی 13 و 14 بەگوێرەی داخوازییەکانی فراکسیۆنەکانی کورد نەبێت، ئەوا دەنگی لەسەر نادەن.

گوتیشی: "فراکسیۆنی پارتی پێداگرە لەسەر ئەوەی رێژەی 10٪ی دانەوەی پاشەکەوتی مووچە زیاد بکرێت".

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، بۆ کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بە کراوەیی هەڵگیرا و لە بەشی یەکەمی دانیشتنەکەشدا، لە کۆی هەشت ماددە کە خوێندنەوەی بۆ کرا، شەش ماددەی پەسەندکرد و دەنگدان لەسەر ماددەی دووەمی دواخست و ماددەی چوارەمیشی لادا.

پەیامنێری کوردستان24 لە هۆڵی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە بۆ کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی (9ـی حوزەیرانی 2023) بە کراوەیی هەڵگیرا.

لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023)، شەش ماددە لە پرۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرا کە بریتین لە ماددەکانی (یەکەم، سێیەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم و هەشتەم)، هەروەها دەنگدان لەسەر ماددەی دووەم دواخرا و ماددەی چوارەمیش لەناو پرۆژەیاساکە لادرا.

لە ماددەی یەکەمی پرۆژەیاسای بودجەدا کە پەسەندکرا، بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 130 هەزار دینار بۆ ماوەی سێ ساڵ (تا کۆتایی ساڵی 2025) جێگیرکرا و نرخی یەک بەرمیل نەوتیش بە 70 دۆلار دانراوە.

هەروەها لە بودجەدا بڕی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دانراوە، بە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە.

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو، بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 بەهۆی ئەوەی  85 پەرلەمانتار لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج گەشتی وڵاتی سعوودیە دەکەن، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پەلەی کردووە لە دەستپێکردنی دانیشتنەکەی پەرلەمان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، بۆ ئەوەی لە وەرزی پشووی یاسایی و گەشتکردنی ئەو پەرلەمانتارانە، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەهۆی تەواونەکردنی رێژەی یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران دوانەکەوێت و دانیشتنەکە بە کراوەیی هەلبگرێت ئەگەر لایەنەکانیش لەم دوو رۆژەدا نەگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر تەواوی بڕگەکانی پرۆژەیاساکە.