ئه‌ردۆغان ژنێك وه‌ك پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی توركیا ده‌ستنیشان ده‌كات

K24 - ئه‌نقه‌ره‌:

سه‌رۆككۆماری توركیا ژنێك وه‌ك پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی وڵاته‌كه‌ی ده‌ستنیشان ده‌كات.

دوای سه‌ركه‌وتنی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی رابردووی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكۆماری توركیا، حافیزە گەیە ئەرکان وه‌ك پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی توركیا ده‌ستنیشان ده‌كات. (هه‌روه‌ك ئاژانسی فرانس پرێس و ئه‌نادۆڵ ئاماژه‌یان پێكردووه‌).

حافیزە گەیە ئەرکان پێشتر له‌ (فێرست ریبابلیك بانك و گۆڵدمان ساكس)ـی ئه‌مه‌ریكی كاری كردووه‌، ئه‌مڕۆ هه‌ینی 9ـی حوزه‌یرانی 2023 ئه‌ردۆغان وه‌ك پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی توركیا ده‌ستنیشانی كرد.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی، ئه‌ركان له‌ شوێنی شه‌هاب قافچی ده‌سنیشانكراوه‌.

حافیزە گەیە ئەرکان لە ساڵی 1982 لە دایکبووە، بەشی ئەندازیاری پیشەسازی لە زانکۆی بۆغازیچی تەواو کردووە. لە درێژەی خوێندنی لە ئەمەریکا بووە،  بە یەکەم خوێندکار لە مێژووی زانکۆی پرینستۆن داده‌نرێت، کە لە ماوەی ساڵێکدا بڕوانامەی دکتۆرا تەواو بکات.

حافیزە ئەرکان پلەی یەکەمی لە 40 چالاکترین گەنجی ئەمەریکا بەدەستهێناوە، لە زۆرێک لە دامەزراوە داراییەکان پۆستی باڵای بەڕێوەبردنی هەبووە. ساڵێک لەمەوبەر، حافیزە ئەرکان لە پۆستەکەی لە کۆمپانیای فەرست کۆماری دەستی لەکارکێشایەوە، بۆ ئەوەی ببێتە بەڕێوەبەری کۆمپانیای گاری ستۆن کە قەرزدەرێکی خانووبەرەی بازرگانییە و بنکەکەی لە نیویۆرکە، بەڵام دوای چەند مانگێک کارەکەی بەجێهێشت.

حافیزە ئەرکان، بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەندازیاری دارایی و بیرکاری کارپێکراو لە زانکۆی پرینستۆن وەرگرتووە و بۆ ماوەی هەشت ساڵ وەک سەرۆکی وەبەرهێنانی کۆمپانیای فەرست کۆمار کاریکردووە

دوای ئەوەی مەهمەت شیمشەک بوو بە وەزیری گەنجینەی و دارایی، گۆڕانکارییەکی چاوەڕوانکراو لە بەڕێوەبردنی بانکی ناوەندیدا روویدا

ئەردۆغان پێشتر ڕایگەیاندووە کە سیاسەتەکانی سەبارەت بە ڕێژەی سوود ناگۆڕێت. بەڵام دانانی محەمەد شیمشەک وەک  وەزیری دارایی و گەنجینەی تورکیا، ئەولەوییەتی کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان لە تورکیا نیشان دەدات.

 ئابووریناسەکان باس لەوە دەکەن شیمشەک و حافزیە دەتوانن گۆرانکاری چاوەروانکراو دروست بکەن . لە ئێستادا چاوەکان لە سەر کۆبوونەوەی داهاتووی بانکی ناوەندی تورکیایە  بۆ دیاریکردنی ڕێژەی سوود کە لە 22ی حوزەیران بەرێوە دەچێت. ئایا ئەردۆغان لە خولی نوێ خۆیدا چاوێک بە سیاسەتەکانی سەبارەت بە رێژەی سوو دەخشێتەوە یان نا؟ یا خۆد حافیزە ئەرکان و محەمەد شیمشەک تا چەند کاریگەریان دەبێت  لە سەر بڕیارەکانی ئەردۆغان .

 بەپیێ دوایین ئامارەکان ئەم مانگە هەڵاوسانی تورکیا بە هۆی بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی کەم بووەوە، ئەردۆغان بەڵێنی دابوو کە بۆ ماوەی مانگێک پارەی غازی ماڵان بێبەرامبەربکات. بە جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنەی لەم مانگەدا، هەڵاوسانی تورکیا گەیشتە نزمترین ئاست و لە مانگی ئایاردا هەڵاوسانی بەکاربەران بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە 39.6%، بەڵام شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن فشاری هەڵاوسان بەردەوام بێت و قورسایی لەسەر ئابووری تورکیا دروست ببێت  ئەوەش بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە کە گەیشتووەتە نزمترین ئاستی لە ماوەی 24 ساڵی رابردوودا ولە ئێستادا 1$ دولاری ئەمەریکی 23 لیرەی تێپەڕاندووە .

بەگوێرەی دەرئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت بڵاویکردووەتەوە، لیستی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) 268 کورسی بەدەستهێنا و لیستی پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) 169 کورسی، پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) 61 کورسی،  پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) 50 کورسی، ئیی پارتی 43 کورسی، پارتی یەنیدەن رەفا پێنج کورسی و پارتی کرێکاری تورکیا چوار کورسییان بەدەستهێنا.

یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی تورکیا بە سەرۆکایەتی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە وەک بە تەمەنترین پەرلەمانتار ئەنجامدەدرێت و چەند پارتێکی نوێش بۆ یەکەمینجارە نوێنەریان هەیە.

لە هەڵبژاردنی 14ـی ئاداری پەرلەمانی تورکیا، 15 پارتی سیاسیی توانییان لە خولی نوێ کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن، کە ژمارەیەکیان یەکەمین جارە دەگەنە پەرلەمان و سێ پارتی خولی پێشووش شکستیان هێنا لە شکاندنی بەربەستی یاسایی بۆ گەیشتن بە پەرلەمان.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن، سێ پارتی سیاسی خولی پێشوو نەیانتوانی لە هەڵبژاردنی 2023ـدا بەربەستی یاسایی (7%) تێپەڕێنن کە بریتین لە پارتی زەفەر، پارتی نوێکاری و پارتی یەکگرتووی گەورە.

هەروەها ئەو پارتە سیاسییە نوێیانەی توانییان مافی نوێنەرایەتیکردن بەدەستبێنن لە پەرلەمانی تورکیا، بریتین لە چەپی سەوز کە نوێنەرایەتی هەدەپە دەکات، پارتی یەنیدەن رەفا، پارتی داهاتوو، پارتی دەڤا، پارتی چەپی دیموکرات، هوداپار و پارتی گۆڕانکاری تورکیا.

بەگوێرەی یاساکانی تورکیا، هەر لایەنێک زیاتر لە 300 کورسی بەدەستبهێنێت، دەتوانێت پرۆژەیاسا پێشکەشی پەرلەمان بکات و رەزامەندی خۆی بە ئەرێنی و نەرێنی لەسەر بڕیارەکانی سەرۆک کۆمار دەرببڕێت بە پەسەندکردن یاخود رەتکردنەوە.

هاوکات هەر لایەنێک بگات بە 360 کورسی یان زیاتر، مافی ئەنجامدانی ریفراندۆمی دەبێت لەبارەی هەر بابەتێک کە پێویستییەتی. جیا لەوەش هەر لایەنێک 400 پەرلەمانتار یان زیاتری هەبێت لە پەرلەمان، دەتوانێت گۆڕانکاری لە دەستووردا بکات.

پەرلەمانی تورکیا لەم خولەدا لە 600 کوسی پێکهاتووە و بەسەر 87 بازنەی هەڵبژاردن لە 81 پارێزگاکەی تورکیا دابەشکراوە کە زۆرترین کورسی لە ئیستانبوڵ و ئەنقەرە و ئیزمیرە.