ئالینا رۆمانۆوسكی: په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمی كوردستان به‌ به‌هێزی ده‌مێنێته‌وه‌

ئالینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق
ئالینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق له‌ تویتێكدا رایده‌گه‌یه‌نێت، خۆشحاڵم كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆبوومه‌وه‌. ده‌شڵێت: "په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمی كوردستان به‌ به‌هێزی ده‌مێنێته‌وه‌".

ئالینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق، له‌هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر نووسیوویه‌تی: "خۆشحاڵم گه‌ڕامه‌وه‌ هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆبوومه‌وه‌".

رۆمانۆوسكی هه‌روه‌ها نووسیوویه‌تی: "له‌باره‌ی پرسی رێككه‌وتن له‌سه‌ر بودجه‌ی گشتی و پرسه‌كانی دیكه‌ی تایبه‌ت به‌ نه‌وت و غاز، هانی هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ده‌ده‌م، كه‌ ده‌بێته‌ پاڵپشت بۆ سه‌قامگیری و ئاسایشی عێراق".

باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق گوتیشی: "په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمی كوردستان به‌ به‌هێزی ده‌مێنێته‌وه‌".

بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی دارایی 2023 – 2024 – 2025،  کۆبوونەوەی په‌رله‌مانی عێراق بۆ ئه‌مڕۆ هەینی هەڵگیرا.

دوای چەندین جار دواخستن، دواجار دانیشتنی ژمارە 28ی ئاسایی وەرزی یەكەمی یاسادانان بۆ ساڵی دووەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق تایبەت بە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی دارایی 2023 – 2024 – 2025 ، بە سەرۆكایەتی محەممەد حەلبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و بە ئامادەبوونی 258 ئەندام دوێنێ پینجشه‌ممه‌ بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا لە کۆی 67 ماددەی پڕۆژەیاساکە، خوێندنەوە بۆ هەشت ماددە کرا و تێیدا ماددەکانی یەک، سێ، پێنج، شەش، حەوت و هەشت پەسەندکران.

هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا دەنگدان بە ماددەی دوو لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق دواخرا و ماددەی چواری پڕۆژەیاساکە لادرا.

دوای خوێندنەوەی هەشت ماددە لە پڕۆژەیاساکە، سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق، محەمەد حەلبووسی دانیشتنەکەی بۆ کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی دواخست.

رۆژی 13/3/2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، بڕیاره‌ په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ندی بكات.

پێشتریش گوتەبێژی حکومەتی عێراق، باسم عەوادی رایگەیاندبوو، قەبارەی بودجەی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەگاتە 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینار و کورتھێنان لە بودجەی ئەمساڵدا دەگاتە 63 تریلیۆن دینار.

87