دەنگدان لەسەر ماددەی 14 راگیرا

دانیشتنی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق
دانیشتنی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

پەرلەمانی عێراق دەنگدانی لەسەر ماددەی 14 تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەکی کاتی راگرت.

پەرلەمانی عێراق ماددەی 12 و 13 کە تایبەت بوون بە پشکی هەرێمی کوردستان پەسەند کرد و دەنگدانی لەسەر ماددەی 14 کە تایبەتە بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان، بۆ کاتێکی نادیار راگرت. 

تا ئێستا پەرلەمانی عێراق ماددەی یەکەم، دووەم، سێیەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم، هەشتەم، نۆیەم، 10ـەم، 11ـەم، 12ـەم و 13ـەمی پەسەندکردووە. 

لەبارەی ماددەی دەستکاریکراوی 13ـی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق؛ پەیامنێری کوردستان24 گوتی، بەگوێرەی ماددەکە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات لە ریگەی سۆمۆوە، ئەگەر لایەنی تورکی کێشەی هەبوو لە وەرگرتنی ئەم نەوتە ئەوا  وەزارەتی نەوتی عێراقی دەتوانێت ئەو برە نەوتە بە شێوەیەکی دیکە بفرۆشیت یاخود بۆ پاڵاوگەکانی ناوەخۆ بەکاریبهێنێت و حکومەتی عێراق پابەند دەبێت بەوەی مووچە و شایستە دارایەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 5 ساڵ قەرزە نەوتیەکان بگەڕێنێتەوە

هاوکات لەبارەی ماددەی دەستکاریکراوی 14ـی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق؛ پەیامنێری کوردستان24 ئەوەی خستەڕوو، حکومەتی عێراق پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، ئەو بڕگەی باسی پاشەکەوتکردنی مووچە دەکات لە دواین رەشنووسی پرۆژەیاساکە لادراوە، هەروەها بڕگەیەک هەبوو کە نابێت حکومەتی هەرێم نەوتی نەینەوا و کەرکوک بفرۆشیت، ئەو بڕگەیەش لادرا، واتا حکومەتی هەرێم دەتوانی نەوتی نەینەوا و کەرکووک بفرۆشێت، هەروەها هەژمارێکی بانکی دەکرێتەوە بۆ داهاتی نەوت لەژێر دەسەڵاتی راستەوخۆی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی دەبێت.

کاتژمێر 09:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 259 پەرلەمانتار بۆ دەنگدان لەسەر ماددەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دەستیپێکردەوە دوای ئەوەی  کاتژمێر 07:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەهۆی نەبوونی رێککەوتنی سیاسی کۆبوونەوەی پەرلەمانی راگرت و هۆڵی کۆبوونەوەکەی بەجێهێشت.

دوای چەندین جار دواخستن، دواجار دانیشتنی ژمارە 28ی ئاسایی وەرزی یەكەمی یاسادانان بۆ ساڵی دووەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق تایبەت بە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 بە سەرۆكایەتی محەممەد حەلبووسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و بە ئامادەبوونی 258 ئەندام ئێوارەی پینجشه‌ممه‌ 8ـی حوزەیرانی 2023 بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا لە کۆی 67 ماددەی پڕۆژەیاساکە، خوێندنەوە بۆ هەشت ماددە کـرا و تێیدا ماددەکانی یەک، سێ، پێنج، شەش، حەوت و هەشت پەسەندکران، ماددەی چوارەم لابرا و دەنگدان لەسەر ماددەی دووەم دواخرا.

دوای خوێندنەوەی هەشت ماددە لە پڕۆژەیاساکە، سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق، محەمەد حەلبووسی دانیشتنەکەی بۆ کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی دواخست.